ئەو ئاگرەی لە ده‌غڵودانی جوتیارانی خانه‌قین کەوتبوەوە کۆنترۆڵکرا

ئەو ئاگرەی دوێنێ ئێوارە لە ده‌غڵودانی جوتیارانی سنوری چەند گوندێکی شارۆچکەی خانه‌قین کەوتەوە دوای ٩ کاتژمێر، لەپاش سوتانی زیاتر له‌ پێنج هه‌زار دۆنم زه‌وی، ده‌غڵودان و پاوانی جوتیارانی سنورەکە کۆنترؤڵکرا.


کاتژمێر حەوتی ئێوارەی دوێنێ له ‌گونده‌كانی سه‌وزبڵاخ، خێر، گه‌وره‌، گاكول، شێره‌وه‌ند و حاجی، سه‌ر به‌ شاره‌دێی قۆره‌تووی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قین، به‌هۆكاری نادیار، ئاگركه‌وته‌وه‌ و تا چواری به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ ئاگرەکە به‌رده‌وامی هه‌بوو.

بەپێی ئه‌و زانیارییانه‌ی، نیعمه‌ت عه‌لی، وته‌بێژی  پۆلیسی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان، به‌ڕۆژنیوز-یداوه‌، به‌هۆی كه‌وتنه‌وه‌وه‌ی ئاگرەکە له‌و شه‌ش گونده‌، زیاتر له‌ ٥ هه‌زار دۆنم زه‌وی ده‌غڵودان و پاوانی  جوتیاران  ئاگری گرتووه‌ و به‌ ته‌واوی سوتاوه‌، هه‌روه‌ها زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ سوتان ڕزگاركراوه‌، له‌گه‌ڵ زیاتر له‌ ده‌ باخی به‌ری و ١٠٠ سه‌ر ئاژه‌ڵ و پێنج ته‌ن كا.

به‌ پێی زانیارییەکان‌، ئاگره‌كە له‌ كاتژمێر ٧ی ئێواره‌وه‌  ده‌ستیپێكردووه و شه‌ش بنكه‌ی ئاگركوژینه‌وه‌ به‌شدارییان له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌دا كردووه‌.

ک.س