ئەو شوێنەی بڕیاربوو بکرێتە سەرچاوەی ژیان ئێستا بووەتە گۆڕستانی درەختەکان

ئەو نەمامانەی ١٠ ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن سەرۆكایەتی شارەوانی و کشتوکاڵی هەڵەبجەوە، لە دەروازەی شار، کە تێچوویان دەیان ملیۆن دینارە چێندران و بڕیار بوو شوێنەکەیان بکرێتە سەوزایی و سەرچاوەی ژیان، ئێستا بەهۆی خزمەتنەكردنیانەوە بەشی هەرە زۆریان لەناوچوون و شوێنەکەیان بووەتە گۆڕستانی درەختەکان، شارەوانیش، دەڵێت: نەمامەكان لەگەڵ كەشوهەوادا ناگونجێت بۆیە وشکبوون، شارەزایانی ژینگەش ئەوە ڕەتدەكەنەوە.


شارەوانی هەڵەبجە، بەهاوكاری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی هەڵەبجە ١٠ ساڵ پێش ئێستا نزیكەی ٥ هەزار نەمامی پاوڵۆنیا-یان لە دەروازەی شاری هەڵەبجە چاند، بەڵام لەئێستادا بەشی هەرە زۆریان بەتەواوی وشكبوون و بەشێكی دیكەشیان هەڵكەندراون و لەلایەن هاوڵاتیانەوە براون و تەنها ٢٠٠ تا ٣٠٠ نەمامێکیان ماون، ئەوەش لە کاتێکدایە نرخى هەر نەمامێکى پاوڵۆنیا نزيكەى ١٠ هەزار دينارە و هەر نەمامێکیش بڕێک تێچووی هەبووە بۆ خزمەتکردنیان، بەوەش تێچوویان گەیشتوەتە دەیان ملیۆن دینار.

داری پاوڵۆنیا، گەڵایەكی پانی هەیە، هەر یەك داریان ڕۆژانە نزیكەی ٦ كیلۆ گرام ئۆكسجین بەرهەم دێنێت، گازە ژەهراوییەكان لەهەوادا پاكدەكاتەوە، بە وتەی شارەزایانی ژینگەش دارەكە بۆ كەشوهەوای ناوچەكە و كوردستان دەگونجێت و بەرگەی پلەی گەرمی ١٠ تا ٥٠ پلە دەگرێت، هەروەها دارەکە گوڵێكی هەیە هەنگ هەڵیدەیمژێت و بۆ هەنگوین سودی زۆرە، جگە لەوەش گەڵاكەی بۆ ئالیكی ئاژەڵ بەكاردێت و بەگشتی دارەکە لەڕووی ئابوورییەوە سودی زۆرە.

مەنزەر عەلی باسام، لێپرسراوی كۆمەڵەی كوردستانێكی سەوز لە هەڵەبجە و شارەزای بواری ژینگە، بۆ ڕۆژنیوز، وتی: بەداخەوە لەسنوری شارەوانی هەڵەبجە، دارەكان بەشێوەیەكی نا ئەندازەیی و هەڕەمەکی نێژراون، ئەو ٥ هەزار نەمامی پاوڵۆنیایەش بۆ یادی ١٦-٣ ڕۆژی کیمیاباران، لە هەڵەبجە نیژران و كاتێك هێنرانە هەڵەبجە بۆ ژینگەی كوردستان دارێكی نوێبوون، تەنها بۆ ئەوە بوو شوێنی دارەكان بكرێتەوە بڵێن چاندراون، ئەگەرنا ئەوە ناشتن نەبوو.

باسی لەوەشكرد، کە لە دوای چاندنیان بەپێی پێویست خزمەتنەكراون، ئەوەش وایكردوە ئەو دارانە زۆربەیان لەناو بچن و بفەوتێن، لەهیچ ڕوویەكیشەوە سود لەدارەكە وەرنەگیراوە لەهەڵەبجە، هەرچەندە نرخەكەی بەرزە لەڕووی ئابورییەوە، بۆیە ئەو پارەیەی تێیدا خەرجکرا بەهەدەر دراوە.

مەنزەر عەلی، لە بارەی گرنگی دارەکەوە زیاتر دووا و وتی: ساڵانە دارەكە ٤ بۆ ٥ مەتر بەرز دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەش کە دارێكی ڕەق و سفتە،  بۆ دروستكردنی تەختە، مێز و جوانكاری ناوماڵ بەكاردێت ئەوەش وایكردوە نرخەكەی گرانبێت، بەڵام شارەوانی كەمتەرخەمبووە لەخزمەتكردن بەو دارانە و مەبەستیان نەبووە خزمەتیان بكات.

پێچەوانەی ئەو شارەزایەی بواری ژینگە، سەباح جەمال، لێپرسراوی بەشی باخچەكان لەسەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوز، وتی "ئەو نەمامانەی چێنراون لێکۆڵینەوەی باشیان بۆ نەكراوە کە ئایا لەگەڵ كەشوهەوای ناوچەكەدا دەگونجێت؟ چونكە ئەو دارانە پێویستیان بەڕێژەیەكی باش ئاو هەیە، هەرچەندە نەمامەكان بەردا نین و بۆ جوانی و ژینگە پارێزییە، نەمامەکانیش نە گەورە بوون، نە گوڵی كردوە و نە سەوزاییەكی باشی هەبووە".

زیاتر وتی: دارەكان تەنها لەماوەی یەك مانگی بەهاردا كەشوهەوا بۆی گونجاوە و گەڵا و گوڵی جوان دەكەن، دوای ئەوە بەرەو وشكبوون و بچوكبوونەوە دەڕۆن و گەورە نابن.

ئەو بەرپرسەی شارەوانی نەشی شاردەوە کە "بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی كرێكاری شارەزاو، دابیننەكردنی گاز بۆ بیری ئەو ئاوەی دارەكانی پێ ئاو دەدرێت نەتوانراوە خزمەتیان بكەین، ئەگەرچی بۆ ئاودانیان سیستەمی قەترە دانرابوو، بەڵام ئەو شێوازە بۆ ئاودانی دارەكان بەو ڕێژە ئاوە كەمە گونجاونییە و دارەكان گەشەی پێناكات، چونكە درەختەكان ڕۆژانە پێویستیان بە ٦٠ لیتر ئاوە".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا بەرپرسەکەی شارەوانی داواكاربوو، كارمەندی شارەزایان بۆ دابمەزرێت، لەگەڵ دابینكردنی بەشە بودجەیەكی تایبەت بەخۆیان، چونكە "بودجەكەمان لەسەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجەیە، مانگانە ١٠٠ هەزارمان بۆ دابیندەكرێت كەبەشی كڕینی تەنها ٢٠ نەمام دەكات هیچمان بۆ ناكرێت".

هەر لەسەر لەناوچوونی ئەو نەمامانە هاوژین نامیق، چالاكوانی مەدەنی بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد و وتی: "شارەوانی و هاوڵاتیان تاوانبارن لە نە پاراستنی نەمامەكاندا، ئەركی شارەوانی ئەوەیە نەمامەكان بنێژێت، بەڵام دواتر زۆربەی هاوڵاتیان ڕێز لەدارەكان ناگرن دەیانشكێننەوە، خۆیان بەبەرپرسیار نازانن  لەکاتێکدا نەمامەكان بۆ خزمەتی شارەكەیە، پێویستە هەموو لایەك پارێزگاری لێبكەن".

 

ک.س