ئەو کەسانی هۆکارن بۆ کەوتنەوەی ئاگر دادگایی دەکرێن

قائیمقامی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، کە ئه‌و كه‌سانه‌ی هۆكارن بۆ كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگر لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە، ڕووبه‌ڕووی‌ سزای توندی یاساییان ده‌كه‌نه‌وه‌.


دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئاگر لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە-ی شاری سلێمانی کەوتەوە و دوای نزیکەی دوو کاتژمێر تواندرا ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکرێت، ئەمڕۆ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لێدوانێکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

ئاوات محەمەد، ڕایگەیاند: ئەو کەسانە ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێنەوە، کە ھۆکارن بۆ کەوتنەوەی ئاگر له‌سه‌ر چیای ئه‌زمەڕ و گۆیژه‌.

بە پێویستیشی دەزانێت"هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیی و گه‌شتیارانه‌ی بۆ به‌سه‌ربردنی كاتێكی خۆش ڕوو له‌ چیای ئه‌زمەڕ و گۆیژه‌ ده‌كه‌ن بە وریاییەكی زیاتره‌وه‌ مامەڵە بکەن، پێش ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ جێبهێڵن له‌ كوژانه‌وه‌ی ئاگر و پشكۆكانیان دڵنیابنه‌وه تا ڕووداوی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ڕوونه‌دات‌".

قائیمقامی سلێمانی، لە لێدوانەکەیدا جەختیکردووتەوە"ئه‌وكه‌سانه‌ی ڕوو له‌ چیای ئه‌زمەڕ و گۆیژه‌ ده‌كه‌ن پێویسته‌ ناوچه‌كه‌ بپارێزن و ڕێز لە ژینگە و سروشته‌كه‌ی بگرن".

 

ش.ف