باخچەیەک بە ناوی ڕۆژنامەنووسان کرایەوە

شارەوانیی ڕانیە باخچەیەکی بەناوی ڕۆژنامەنووسانەوە کردەوە، تێیدا ٢٥٠ نەمام چێندران و سەرۆکی شارەوانیش ڕایگەیاند، ئەوە لەبەرامبەر ئەرک و ماندووبوونی دڵسۆزانەی ڕۆژنامەنووسانە، کە دڵسۆزانە پەیامەکانیان بۆ خەڵک و ڕای گشتی دەگوازنەوە.


ئەمڕۆ لە گەڕەکی کۆدۆی شارۆچکەی ڕانیە-ی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەرین، باخچەیەک بە ناوی ڕۆژنامەنووسانەوە کرایەوە، کە ڕووبەرەکەی ٤٦٠٠ مەترە و  ۲٥۰ نەمام لە  باخەچەکەدا چێندران.

لەکاتی کردنەوەی باخچەکەدا، سەردار ئەحمەد سەرۆکی شارەوانی ڕانیە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەوان لەگەڵ بەشی باخچەکانی شارەوانی ڕانیەدا بڕیاریانداوە ئەو باخچەیە بە ناوی ڕۆژنامەنوسانەوە بکەن، ئەوەشی گەڕاندەوە بۆ ئەرک و ماندووبوونی دڵسۆزانەی ڕۆژنامەنووسان لە بەرامبەر گەیاندنی پەیامەکانیان بۆ خەڵک و ڕای گشتی و هەروەها گەیاندنی پەیامی خەڵک بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەت و دەسەڵات.

سەرۆکی شارەوانیی باسی لە کەمووکورتییەکانی شارەوانی ڕانیە کرد و وتی: ئێمە گرفتی زۆرمان لە بەشی باخچەکان هەیە، یەک لەوانە کەمی باخەوانە، لە ئێستادا پێویستیمان بە ۱۰۰ باخەوانە بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتر و جوانکردنی زیاتری شارۆچکەکە بکەین، هەروەها کۆمەڵێک کەموکورتی دیکەمان هەیە لە سەرجەم بوارەکان، بە تایبەتی ڕێگاوبانەکان، بۆیە داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە دەنگ داواکارییەکانمانەوە بێت.

لە باخچەی ڕۆژنامەنووساندا، کە ٤٦٠٠مەترە، ئەمڕۆ ٢٥٠ نەمام چێندران.

س.ح