باران زیانی بە دانەوێڵە گەیاندووە

ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوو وشکەساڵیی دەبووە هۆی فەوتان و کەمیی بەرهەمی دانەوێڵە، بەڵام ئەمساڵ بارانی زۆر زیانی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان گەیاندووە و تووشی نەخۆشیی زەردبوونی کردوون.


یەکێک لەو گرفتانەی ئەمساڵ بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان دورستبووە، زەردبوونی بەرهەمە کشتووکاڵییەکانە، ناوچەی گەرمیانیش وەک ناوچەکانی دیکە تووشی هەمان گرفت بووە.

لە سنووری ئیدارەی گەرمیان زیاتر لە یەک ملیۆن و ٥٠٠هەزار دۆنم زەوی کشتووکاڵیی هەیە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠هەزار دۆنمی، زەوی دەیمین و پشت بە ئاوی باران دەبەستن، بەشی زۆری ئەو زەوییانەش بەرهەمی دانەوێڵەیان تێدا دەچێندرێت.

وەک کارزان بەکر، جوتیارێکی سنوورەکە باسی دەکات، ساڵانی ڕابردوو بەدەست وشکەساڵییەوە دەیانناڵاند و دەغڵودانەکانیان دەفەوتان، ئەمساڵیش بەهۆی سەرما و بارانی زۆرەوە خەلەکانیان زەردبووە و زیانی پیگەیشتووە.

کارزان، وتیشی: ئەمساڵ ئێمە چوار تەن گەنممان چاندووە، نزیکەی سێ تەنی زەربووە و زیانی بەرکەوتووە، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت ئەوا وەکو ساڵی پار دەغڵ و دانەکانمان دەفەوتێت.

یەکێکی دیکە لە گرفتەکانی بەردەم جوتیاران، نەبوونی شارەزاییە، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا بکەن و کار بکەن بۆ ئەوەی زیانەکانی گۆڕانکارییەکان کەمبکەنەوە.

ئەرسەلان بەرلوتی، کە جوتیارێکی دیکەی گەرمیانە، لەو ڕووەوە رەخنەی لە بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵی گەرمیان گرت، چونکە وەک ئەو باسیکرد"تائێستا هیچ ڕێنماییەکی بۆ جوتیارانی ناوچەکە نەبووە، هەروەها هیچ دەرمان و کیمیاوییەکی بەسەر جوتیاراندا دابەش نەکردووە، جوتیارانیش شارەزاییان نییە".

ئەو جوتیارە، داوای لە لایەنی پەیوەندیدار کرد، هاوکارییان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیان، یانیش قەرەبووی زیانەکانیان بۆ بکەنەوە، بۆ ئەوەی هەر ساڵەو بەهۆکارێک خەلە و دەغڵودانەکانیان لەناونەچێت.

نەبەز جیهانگیر، لێپرسراوی پاراستنی ڕووەک لە بەڕێوبەرایەتی کشتووکاڵی گەرمیان، ئاماژە بە هۆکارێکی دیکەی زەردبوونی خەلەی گەرمیان دەکات و دەڵێت: زۆربەی جوتیاران بە زەوی دەیمیی و ئاوییشەوە ئەمساڵ دەرمانی بژاریان بەکارهێناوە بۆ قەلاچۆکردنی گژوگیا بە ناشارەزایی، کە ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە.

دەرمانی بژار یان قەلاچۆکردنی گژوگیا، پێویستە بەخەستیی بەکار نەهێندرێت، لەوکاتەشدا کە دەرمانەکە بەکاردێت، پلەی گەرما بەرز نەبێت، ئەگەر نا لەجیاتی سود زیان بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکە دەگەیەنێت.

لەبارەی چارەسەرکردنی کیشەکەوە، نەبەز جیهانگیر، وتی: ئەم نەخۆشییە لە ئەگەرێکدا بە سروشتی خۆی چارەسەردەبێت، ئەگەریش چارەسەرنەبوو ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و ئەوکات ڕێنمایی دەدەین بە جوتیاران، کە بە دەرمانی کیمیاووی دەتوانن چارەسەری بکەن.

ش.ف