باوەنور، پێنج مانگە ئاوی پیس دەدرێت بە هاوڵاتییان

سەرەڕای چەندین بەڵێن بۆ چارەسەرکردنی، نزیکەی پێنج مانگە ئاوی شارەدێی باوەنوری سەر بە کەلار بە پیسی ماوەتەوە، بەشێک لە هاوڵاتییانیش بەیەکجاری ئاوی حکومییان بەستووە و لە کانیاوەکانەوە ئاویان ڕاکێشاوە، ئیدارەی گەرمیانیش دەڵێت: کێشەکەمان گەیاندۆتە جێگری سەرۆکی حکومەت و لە زوترین کات چارەسەردەکرێت.


ئەمساڵ بەهۆی بارانبارین و لافاوی زۆر، پرۆژەی ئاوی شارەدێی باوەنور، لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، زەرەر و زیانی بەرکەوتووە و نزیکەی پێنج مانگە ئاوی پیس دەدرێت بە هاوڵاتییان کە ناتوانن بۆ خواردنەوە و خۆشتن بەکاریبهێنن، بۆ دەستکەوتنی ئاوی پاک، یان لە بازاڕ دەیکڕن، یان ڕوو لە کانیاوەکانی دەورووبەریان دەکەن، بەشێک لە هاوڵاتییانیش ئاوی حکومییان بەیەکجاری بەستووە و بە بەکارهێنانی سەدان مەتر سۆندە لە کانیاوەکانەوە ئاویان ڕاکێشاوە.

بڕیاربوو حکومەتی خۆجێی شارەدێیەکە لە ماوەی مانگێکدا کێشەکە چارەسەربکات، بەڵام تا ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانی هاوڵاتییانی لێکەوتۆتەوە و لەوبارەیەوە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.

سەبری محەمەد، هاوڵاتییەکی شارەدێکەیە و وتی: نزیکەی پێنج مانگە ئەو ئاوەی پێمان دەدرێت لینجە و ڕەنگی هەیە و بۆن و تامی ناخۆشی هەیە، ناتوانین نە بۆ خواردنەوە، نە بۆ خۆشتن بەکاری بهێنین، ڕۆژانە یان بە سەر لە کانی ئاو دێنین یان بە ئۆتۆمبێل ئەوانەشی کە ئۆتۆمبێلیان نییە ناچارن داوا لە دراوسێکانیان دەکەن کە بە دەبە ئاویان بۆ بێنن، ئەمەش گرفتێکی گەورەیە چونکە ئاو سەرەکیترین شتە، هەندێکجار جلیشی پێدەشۆین بۆنی دێت.

هاوڵاتییەکی دیکە بە ناوی کاروان لەتیف، یەکێکی دیکەیە لەو هاوڵاتییانەی کە ئاوی حکومی هەیە و لە کانییەکی نزیکیشیانەوە ئاوی ڕاکێشاوە وتی: ئێمە بە ناچاری بەهیچ جۆرێک ئاوی حکومی بەکارناهێنین، کانیاوێک نزیکەی ٢٠٠مەتر لێمانەوە دورە، لە تەنیشت کانیاوەکە حەوزمان دروستکردووە و بە بۆری لە شاخەکەوە ئاوی کانییەکەمان ڕاکێشاوەتە ناو حەوەزەکە و لەوێوە بە غەرتاس و سۆندە ڕامانکێشاوەتە سەرەوە بۆناو ماڵ بە نزیکەی ٢٠٠مەتر سۆندە، لەسەرەوە شەش ماڵ بەکاری دەهێنین ماڵی واش هەیە نزیکەی ٤٠٠ مەتر سۆندەی بەکارهێناوە.

سەیوان مەحمود، چالاکوانی مەدەنی لە بارەی ئەو گرفتەوە وتی: سەبارەت بەم کێشەیە چەندین جار سەردانی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە و وەکوو کۆمەڵیک کەسایەتی شارەدێکە کێشەکەمان بردە لای سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بەڵێنی پێداین کە لە زووترین کاتدا چارەسەربکرێت، بەڵام تا ئێستا وەکوو خۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ئەوەی لەو ئاوەی خواردبێتەوە نەخۆشکەوتووە بەهۆی پیسی ئاوەکەوە.

ئاماژەی بەوەشدا: بەپێی ئەو بەدواداچوون و خەمڵاندنەی بۆی کراوە چاککردنی ئاوەکە ٢٠ ملیۆن دیناری تێدەچێت، چاکنەکردنی زۆر عەیبەیە بۆ لایەنی بەرپرسیار و حکومەت کە ئەو پارەیە لە توانای دەوڵەمەندێکیشدا هەیە، هاوپێچ ئەم کێشەیە پەیوەستە بە ژیانی زیاتر لە ١٠هەزار کەسەوە، داوا دەکەین بە زوترین کات چارەسەر بکرێت ئەگەرنا خەڵک توڕەیە و دێینە سەر شەقام و هەڵوێستی ترمان دەبێت.

سەبارەت بەم کێشەیە ڕۆژنیوز پەیوەندی بە عەزیز محەمەد عەبدوڵا، بەڕێوەبەری شارەدێی باوەنورەوە کرد و ڕایگەیاند: بۆ چارەسەرکردنی پیسبوونی پرۆژەی ئاوی باوەنور، بەدواداچوونمان کردووە و دەرخستەی بۆکراوە و شوێن و دیزاینی ئامادەکراوە، ڕادەستی ئیدارەی گەرمیانمان کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان داوە لە ماوەی مانگێک چارەسەری بکەن، کە خۆی لە دوو پرۆژە دەبینێتەوە یەکیان کاتییەو پێکدێت لە پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پرۆژەکە و ئەویدیکەیان درێژخایەنەو بریتییە لە گواستنەوەی پرۆژەکە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا سەردانی ئیدارەی گەرمیانمانکرد و حاکم هەڤاڵ، وتەبێژی ئیدارەی گەرمیان بە ڕۆژنیوزی وت: هەفتەی پێشوو دوای گەیاندنی دەرخستەی چاککردنی پرۆژەی ئاوی باوەنور بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، جەنابیشیان گەیاندویانەتە نوسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ دابینکردنی بودجە بۆ چارەسەرکردنی و قوباد تاڵەبانی-ش بەڵێنی ئەوەی پێداوین کە  لە ئایندەیەکی نزیکدا بودجەی بۆ تەرخان بکەن و دەستبە چارەسەرکردنی بکرێت.

ک.س