باڵندەیەکی سەرنجڕاکێش لە باڵەکایەتیی دەردەکەوێت

باڵندەیەکی سەرنجڕاکێش و دەگمەن بۆ یەکەم جار لە سنووری باڵەکایەتیی دەردەکەوێت و شارەزایانی زانستی سروشت و ئاژەڵ پێیانوایە، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبێتە باشوری کوردستانەوە.


چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا، کرێکارێکی بەخێوکردنی ماسی لە هاوینەهەواری کانی گازران لە گوندی کەوەرتەی سەر بە شارۆچکەی چۆمان-ی دەڤەری باڵەکایەتیی، باڵندەیەکی سەرنجڕاکێشی بینیوە و بەڕێوبەرایەتیی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزانی لێ ئاگادارکردووەتەوە.

 

پێ بەقنە ناوی باڵندەكەیە و قاچەكانی وەك سەوڵی بەلەم وان و چاوی سور و هەردوو لاتەنیشتی سەری ڕەنگی زەردە و پەڕ و باڵێكی نەخشێنراوی هەیە بە سپی و خاڵ خاڵ.

دەركەوتنی ئەم جۆرە باڵندەیە لە باڵەكایەتی بووەتە جێگای باس و خواسی زۆرێك لە دانیشتوانی ناوچەکە و ڕۆژانە خەڵكی بۆ بینینی ڕوو لە هاوینە هەواری (كانی گازران) دەكەن و وێنەی یادگاریی لەگەڵ دەگرن، باڵندەكەش كە خەڵكی لەدەوروبەری كانیەكە دەبێنێت وەك سەماكردن بۆ دڵخۆشكردنی خەڵكەكە یاری و جوڵەیەكی زۆر لەناو ئاو دەكات و مەلەوانی لەبەردەم خەڵكی دەكات.

محمەد عەبدوڵا، شارەزا لە زانستی سروشت و ئاژەڵی كێویی زانیاریی زیاتری لەسەر باڵندەکە بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد و وتی: باڵندەیە ناوی گشتی (پێ بەقنە)و ناوە زانستیەكەشی  (podiceps nigricollis)ە كە زۆر بە كەمیی لە تەواوی عێراق بینراوە.

محمەد عەبدوڵا، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە پێشتر بە هیچ شێوەیەک ئەم باڵندەیە لە سنوورەکە نەبیندراوە و پیدەچێت بەهۆی گۆڕانكاریی لە كەشوهەوا و باران بارینی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبێتە باڵەکایەتیی.

ئەم باڵندە دەگمەنە، هەم لە ئاو دەمێنێـەوە و هەمیش توانای فڕینی هەیە، وەک محەمەد عەبدوڵا-ش وتی: سەروەتێكی گەورەی نیشتیمانییە و پێویستە ژینگە دۆستان و خەڵكی ناوچەكە بیپارێزن و ئازاری نەدەن، با بە ئازادیی بسوڕێتەوە و كۆچبكات.

هەروەها، سلێمان عەبدوڵا بەرێوبەری كشتوكاڵی چۆمان، وتی: باڵندەکە لەژێر چاودێریی كشتوكاڵی چۆمان دەبێت بۆ ئەوەی بیپارێزین لە سنورەكە، وەك بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵیی چۆمان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەین لە وردەكاری هاتنی.

ش.ف