باڵەکایەتی، لە هەڵمەتێکدا هەزار بەڕوو چێندران

بەئامانجی سەوزکردنی ژینگەی باڵەکایەتی و قەرەبووکردنی زیانی سوتانی دارستانەکان، هەڵمەتێکی چاندنی بەڕوو لەلایەن ژینگەپارێزانەوە بەڕێوەچوو.


دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ، زیاتر لە ٥٠ژینگەدۆست بەسەرپەرشتی ناوەندی کلتوری چۆمان هەڵسان بە چاندنی هەزار بەڕوو لە بناری چیای حەساری سەکران لە دەڤەری باڵەکایەتی، کە شوێنەکە لەهاوینی ئەمساڵ بەهۆی سوتانەوە زیانی زۆر بە دارستانی ناوچەکە کەوتبوو.

پێشەوا فەقێ بەرپرسی ناوەندی کلتوری چۆمان بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەم هەڵمەتە بۆ هەموو ساڵێک بەردەوام دەبێت و ساڵانە هەزار بەڕوو دەچێنین.

وتیشی: ئەم شوێنەی دەستنیشانمانکردووە بۆچاندن، هاوینی ئەمساڵ نزیکەی پێنج هەزار دار بەڕوو بەهۆی ئاگرەوە سوتاوە، دەمانەوێت بەچاندنی داربەڕوو قەرەبووی ئەو زیانە ژینگەییە بکەینەوە.

چالاکوانان و ژینگەدۆستانی ئەو سنورە، هەر ساڵەو لە شوێنێک ئەو هەڵمەتە ژینگەییە بەڕێوەدەبەن، ئامانجیشیان سەوزکردن و پاراستنی ژینگەیە.

ژینگەپارێزان داوا لە خەڵکیش دەکەن، ڕێز لە ژینگە بگرن و لەبری سوتاندن و بڕینی دار، چاندن و سەوزکردنی ژینگە ببێتە کلتورو جێگەی زیانگەیاندن بە ژینگە بگرێتەوە.

ب.ش