به‌رگری شارستانی گه‌رمیان: سوتانی ده‌غڵودانی جوتیاران گوماناوین

ته‌نها له‌مانگی ئایاردا، ٢٥٠ حاڵه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ لە سنوری گەرمیان تۆمار کراون به‌رگری شارستانی گه‌رمیانیش دەڵێت: ١٣١ حاڵەتیان ئاگر کەوتنەوە بووە له‌نێو ده‌غڵودانی جوتیاران کە سەرجەمیان هۆکاری ڕوودانیان گوماناوین‌.


لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا حاڵەتەکانی ئاگر کەوتنەوە زیاد دەکەن، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان، ئاماری مانگی ئایاری ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەی سنوری ئیدارەی گەرمیانی بۆ ڕۆژنیوز خستەڕوو.

نیعمه‌ت عه‌لی، وته‌بێژی به‌رێوه‌به‌رایه‌تی  پۆلیسی به‌رگری و شارستانی گه‌رمیان، بۆ ڕۆژنیوز وتی:  لەم مانگهدا ٢٥٠ حاڵەتی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ ڕوویانداوە کە ١٣١ ئاگریان له‌نێو ده‌غڵودانی جوتیاراندا بووه‌ و ئه‌وانی دیكەش‌ له‌ دوكان و ماركێت و ئۆتۆمبیل و ماڵ كه‌وتوه‌ته‌وه، به‌و هۆیەشە‌وه‌ سه‌دان دۆنم زه‌وی سوتاون و سەدان دۆنم زه‌وی و باخی دیکەش له‌ سوتان ڕزگاركراون.

وتیشی: به‌پێی زانیارییه‌كانی، پۆلیسی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان، كۆی ئه‌و ئاگرانه‌ی له‌ده‌غڵودانی جوتیاران كه‌وتونه‌ته‌وه‌ جێگای گۆمانن و به‌هۆكاری نادیار ڕوویانداوه

وتیشی: ئێمه‌ ئه‌مساڵ به‌هۆی زۆری ڕێژه‌ی باران بارینه‌وه‌ گومانی ئه‌وه‌مان كردبوو زیادبوونی پوش و په‌ڵاش و ده‌غڵودان زیاتر ده‌بێت، هەر بۆیە پێش هاتنی وه‌رزی دورێنه‌، وه‌ك به‌رێوه‌به‌رایه‌تیمان، پلانێكمان داڕشت و داوامان له‌ ئیداره‌ی گه‌رمیان كرد، داوا له‌ جوتیاران بكات، كه‌ ڕێنماییه‌كانی ئێمه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن، كه‌ خۆی له‌وه‌ ده‌بینیه‌وه‌، جوتیاران  ده‌غڵودانه‌كانیان پێش وه‌خت دوروێنه‌ بكه‌ن، به تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ نزیك شه‌قامه‌كان، هه‌روه‌ها بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وه‌ هه‌شت تیمی گه‌ڕۆكمان بۆ گونده‌كانی سنوری شارۆچكه‌ و شاره‌دێیه‌كانی گه‌رمیان دروست كردبوو‌.

وته‌بێژه‌كه‌ی پۆلیس، ڕوونیشكرده‌وه‌، ئه‌وه‌ی جێگای گومانه‌ لای ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، ساڵانی ڕابردوو ئه‌وه‌ی ده‌سووتا پوش و جاڕ بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ هه‌مووی ده‌غڵودانه‌، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە له‌كۆی ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی ئاگركه‌وتنه‌وە‌ هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌.

ک.س