"بۆردوومانەکانی ئێران و تورکیا مەترسیین بۆسەر ژینگەی کوردستان"

ڕێكخراوی سروشتی كوردستان ئاماژە بە کاریگەریی سیستمی سەرمایەداریی لە دروستکردنی کارەساتی ژینگەیی دەدات و هۆشدارییش دەدات، لە مەترسییداریی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێران بۆسەر ژینگەی باشوری کوردستان.


پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٧ی نیسانی ٢٠٠٨، بە بڕیارێک ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێکی بە ڕۆژی پاراستنی ژینگەی کوردستان دیاریكرد، لەم ڕۆژەشدا ڕێكخراوی سروشتی كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

ڕێکخراوەکە، تیشکی خستووەتە سەر ڕۆڵی سیستمی سەرمایەداریی لە وێرانی کردنی ژینگەدا و دەڵێت:"بەرلە نزیکەی سێ سەدە پێش ئەمڕۆ،مرۆڤ بونەوەرێکی سادە و بێ زیان بوو، کەمترین کاریگەریی خستبووە سەر ژینگە و بەرگەهەوا و سیستمی زەوی، هەربۆیە کارەساتە سروشتی و بایۆلۆژیەکان ئێجگار کەمبوون، بەڵام دوای دەرکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنی زانستی و  بەدیارکەوتنی"سیستەمی سەرمایەداریی"دەوڵاتانی خاوەن پیشەسازیی، پاڵەپەستۆی زۆر زیاتر دەخەنە سەر زەوی و ژینگە و کۆی زیندەوەران، ناوسکی گۆی زەوی هەڵدەدڕن، دەیسوتێنێن و وێرانی دەکەن، لە پێناو قازانج و کەڵەکردنی سەرمایە، بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ یاسایەکی گەردونیی و هیچ بنەمایەکی ئەخلاقیی، چاوچنۆکانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کارەساتی گەورە ئەخوڵقێنن".

 دەشڵێت: باشوری کوردستان، لەڕێگەی مامەڵەکردنی خراپ بەسەرچاوە سروشتییەکان و زیادە ڕەویکردن لە دەرهێنان و بەرهەمهێنان، جیاوازی گەورەی چینایەتی دروستکردووە و هۆکاربووە بۆ زیانگەیاندن و کوشتنی هەستی نیشتمانی و مرۆڤدۆستی تاکەکان.

بەپێویستی دەزانێت بەوپەڕی جدیەتەوە هەڵوەستە بکرێت لەسەر مەترسییەکانی ژینگەی باشوری کوردستان کە ساڵانە ڕووبەرێکی بەرفراوان لە ژینگە و سروشت ڕوبەڕوی تێکدان و شێواندن بە نائاگاهی و بە ئەنقەست دەبێتەوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەرهێنانی نەوت و گاز و گواستنەوەی لەڕێگەی تەنکەرەوە، تۆپبارانکردنی ناوچە سنورییەکان لەلایەن دەوڵەتە داگیرکارەکانی تورکیا و ئێرانەوە، شەڕی داعش، بڕینی دار، ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل، سەدان کارگە کە دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا بڵاودەکەنەوە و بەبێ ئەوەی باج بدەن، پاشەڕۆی شارەکان و نەبونی کارگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک، تێکەڵاوبونی ئاوەڕۆکان و لەگەڵ دەیان جۆری دیکە لە پیسکردن و تێکدان و شێواندن مەترسین بۆسەر ژینگەی کوردستان.

ئەو ڕێکخراوە ژینگەییە دەشڵێت، دۆزینەوەی نەوت و کردنی بە سەرچاوەی یەکەم و بنەڕەتی لە داهاتی گشتی باشوری کوردستان و پەراوێزخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ وگەشتو گوزار، بووەهۆی ئەوەی پەستانێکی زۆر بخرێتە سەر زەوی و خاکی باشور کە دەرئەنجامی مەترسیداری لێکەوتۆتەوە.

پێشیوایە حکومەت خەمساردە لە هەمبەر ژینگە و وەرنەگرتنی باج بۆ بوژانەوەی ژینگە لە کۆمپانیاکانی دەرهێنان و بەرهەمهێنانی نەوت.

ئاماژە بەوەشدەکات، یەکێکی دیکە لەو ڕاستیە تاڵانەی وایکردوە باشوری کوردستان نەبێتە خاوەن ژینگەیەکی سەوز و تەندروست ئەوەیە، کە پەروەردەیەکی دروست نییە تا ژینگە وەک بابەتێکی جدی نیشانی نەوەی نوێ بدات.

ئەو ڕێکخراوە دەڵێت: میدیا لە باشور هێندە بێ پلان بووە بۆ پرسی ژینگە، نەک نەیتوانیوە پرسی ژینگە بباتە قۆناغێکی دیکەوە، بەڵکو بووەتە هۆکارێکی بۆ نەگەیشتنی ژینگە وەک بابەتێکی نیشتمانی و ئەخلاقی بە تاک.

 

ش.ف