بۆردوومان زیانێکی قورس دەگەیەنێتە ژینگە

لوقمان شێروان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کە بەهۆی بۆردوومانەوە ئاگر دەکەوێتەوە و ئەوەش زیانی زۆری بەدوواوەیە.


خاکی هەرێمی کوردستان ناوبەناو لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان و تۆپخانەکانی ئێران و تورکیاوە بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت، جگە لەوەی بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە هاوڵاتی مەدەنی دەبنە قوربانی، هەروەها زیانی زۆر قورسیش بەر ژینگە دەکەوێت.

لوقمان شێروان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز دواو وتی: بێگومان تۆپباران و بۆردوومان زیان دەگەیەننە ژینگە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ئاگر لە دارستان زەوییەکان دەکەوێتەوە، ئەوەش زیانی قورسی بۆ ژینگە بەدوواوەیە، کەس نایەوێت خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێوە بۆردوومان بکرێت، هەوڵیشمان داوە بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانە، بەڵام بەداخەوە هەندێک شت لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نین.

شێروان وتیشی: دەوڵەتانی دراوسێ بەبەهانەی هەبوونی نەیارانیان لە خاکی هەرێمدا، ژینگەکەمان بۆردوومان دەکەن.

لوقمان شێروان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە باسی زیانی بۆردوومانەکانی کرد: بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە ساڵانە سەدان دۆنم زەوی دەسووتێت، زۆر جاریش بە ئەنقەست ئاگر لە ژینگەی هەرێم بەردەدەن، هەر ئەو ئاگرانەش دبنە کەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی ، لەناوچوونی لەوەڕگەکان و کەمبوونی سەوزایی هەرێم.

س.ح