بۆ بیرهێنانەوەی قوربانییانی ئەنفال ۱٨۲ نەمام لە ملەسوور چێندران

وەک ئاماژەیەک بۆ ڕۆحی ۱٨۲ هەزار مرۆڤی ئەنفالکراو، کەسوکاری ئەنفالکراوان و چالاکوانان و تاقانەکانی ئەنفال، هەستان بە چاندنی ۱٨۲ نەمام لە گوندی ملەسوورەی گەرمیان.


لە ۳۲-مین ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، ئەمڕۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیان گروپی زیندانە سیاسییەکانی ئەنفال و بەشێک لە چالاکانی بواری ئەنفال و تاقانەکان و کەسوکاری ئەنفالکراوان، بۆ بیرهێنانەوەی قوربانیانی تاوانی ئەنفال، بەڕێکەوتن بۆ گوندی ملەسوورە و ۱٨۲ نەمامیان لە گوندەکەدا چاند.

ڕێکخەرانی چالاکییەکە لەبارەی پەیام و ئامانجیان لەو چالاکییە لە گوندی ملەسوورەدا ڕایانگەیاند، لە ئەنفالی گەرمیاندا هەزاران کەس لە گوندی ملەسوورە کۆکرانەوە و ئابڵوقەدران و ڕاپێچی زیندانەکانی دبس و نوگرە سەلمان کران و دواتر ئەلفالکران، ڕۆژانێک ئەم گوندانە بەدەستی ڕژێمی بەعس وێرانکران و بە زۆرە ملێ خەڵکەکەی دەرکران، ئەوانیش ئەمڕۆ جارێکی تر بە دەستی خۆیان سەوزیان کرد و بەو کارەیان ئاوەدانییان بۆ گەڕاندەوە.

تاوانی ئەنفال بە هەشت قۆناغی یەک لە دوای یەک بەڕێوەچوو، بەڵام ڕۆژی ١٤ی نیسانی  ١٩٨٨، لە ئەنفالی گەرمیاندا پرۆسەکە گەیشتە لوتکەی دڕندەیی خۆی کە قەبارەی زیان و قوربانییەکانی بە نیوەی کۆی قوربانییەکانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەکرێت، لەو ڕۆژەدا نزیکەی ٢٠ هەزار خەڵکی گەرمیان لە ملە سورە کۆکرانەوە و بە ئۆتۆمبێلی جۆری ئیڤای سەربازیی و تراکتۆر گواسترانەوە بۆ گوندی قۆرەتوو و هەموویان ئەنفالکران، هەر بۆیە ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال ناونرا.

ش.ف