بۆ پیشوازی لە زستان ئاوی بەنداوی ئەڵوەن بەردرایەوە

بۆ پێشوازی لە وەرزی زستان و به‌هۆی ئەگەری هاتنی شه‌پۆلێکی باران بارین نزیکه‌ی ٪٨٠ی ئاوی به‌نداوی ئەڵوەن‌ خاڵی کراوه‌.


ئه‌حمه‌د ده‌لۆ، به‌ڕێوەبه‌ری به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ن ئەمڕۆ به‌ ڕۆژنیوزی وت: بۆ ئامادەکاری بۆ وه‌رزی زستان نزیکه‌ی ٪٨٠ی ئاوی به‌نداوه‌که‌ خاڵی کراوە، ئەوەش بە‌ ‌مه‌به‌ستی پاکردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وه‌کان و هه‌روه‌ها بۆ پێشوازی له‌ وه‌رزی زستان و خۆ ئاماده‌کردن بۆ ئه‌و شه‌پۆله‌ بارانبارینه‌ی پێشبینی ده‌کرێت ئه‌مڕۆ ده‌ستپێبکات.

باسی لەوەش کرد، بەهۆی بارانبارینەوە ئاوێکی زۆر له‌ سنوره‌کانی ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و خانه‌قین دێت و به‌ گوێره‌ی پێویست ده‌توانین بۆ جارێکی تر به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ن پڕ بکه‌ینەوە.

ئەوەشی وت‌: به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ن توانا‌ی گلدانه‌وه‌ی ٣٨ ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی هه‌یه‌ و له‌ ئێستادا ته‌نها نزیکه‌ی حەوت ملیۆن مەتر سێ جا ئاو له‌ به‌نداوەکەدا‌ ماوه‌.

به‌نداوی ئه‌ڵوه‌ن ده‌که‌وێته‌ باکوری خۆرهه‌ڵاتی شارۆچکه‌ی خانه‌قین و له‌ ساڵی ٢٠١٠ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی سه‌رچاوه‌ ئاوییه‌کانی حکومه‌تی عێراق دروست کراوه‌.

 

ک.ک