بێ ئاگا و بەمەبەست ئاگر لە ژینگەی هەرێم بەردەدرێت

سوتاندنی دار لە وەرزی سەرمادا بۆ خۆ گەرمکردنەوە و ئاگرتێبەردانی دارستان و پاوانەکان لە وەرزی هاویندا بێ ئاگا و بەمەبەست، مەترسیی لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و ژینگەپارێزانیش داوا لە هاوڵاتیان دەکەن ژینگە بپارێزن و نەیخەنە قەیرانەوە.


 هەموو ساڵێک لە وەرزی گەرمادا، زۆرترین ڕۆژەکان دەبیستین، کە ئاگار لە دارستان یان پوش و پاوانی هەرێمی کوردستان بەربووە، ئەو ئاگرکەوتنەوانە هەندێک جار بەهۆی ناهۆشیاریی هاوڵاتی و هەندێک جاریش بەمەبەست بەهۆی تۆپباران و بۆردوومانەکانی دەوڵەتی تورک و ئێرانەوە ڕوودەدەن.

بەپێی ئامارێکی بەڕێوبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ڕووبەری دارستانی سروشتیی بەپێی کۆتا ئامار  یەک ملیۆن و٦٠٧ هەزار و ١١٤ دۆنمە، هەروەها ڕووبەری دارستانی دەستکرد، کە بەڕێوەبەرایەتی دارستانی سلێمانی دروستیکردوە نزیکەی  ١٦ هەزار و ١٠٠ دۆنمە.

بەڕێوبەرایەتییەکە ئاماری سوتانی دارستان و پاوانی لە ئەمساڵدا ئامادە نەکردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٧دا لە سنووری پارێزگای سلێمانی ١١هەزار و ٧٨٣ دۆنم دارستانی سروشتیی و ١٤٥هەزار و ٧٣ دار-ی دارستانی دەستکرد سوتاون، هەروەها نزیکی ٤ هەزار دۆنمی پاوان سوتاوە.

عەبدوڵا ئەحمەد، بەڕێوبەری دارستان و پاوانی سلێمانی، لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنیوز، ئاماژەی بە هۆکاری سەرەکیی ئاگرکەوتنەوەی ناو دارستانەکان کرد و وتی: فڕێدانی جگەرە بە داگیرساویی، خەڵوزی نێرگەلە و چەرخ هۆکاری سەرەکیین.

عەبدوڵا، پاراستنی دارستانەکان بە ئەرکی هەموو تاکێک دەزانێت و هۆشدارییشی دا، کە ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر ئەو کەسانەدا دەگیرێتە بەر، کە بە ئاگردنەوە تاوانبار دەکرێن.

لەبارەی سزای سەرپێچیکارانەوە، ناوبراو، وتی: بەپێی یاسا ژامرە دووی ساڵی ٢٠١٣ی هەرێمی کوردستان، هەموو ئاگرکردنەوەیەک دەبێت ٢٠٠ مەتر لە دارستانەکانەوە دووربێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیکار سزای خۆی وەردەگرێت، سزاکانیش بریتین لە سزادانی ماددیی، کە لە ملیۆنێک دینارەوە دەستپێدەکات، هەروەها دەستگیرکردن کە شەش مانگ دەبێت.

سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێکاری دیکە بۆ ڕێگرییکردن لە سوتانی زیاتری دارستانەکان، عەبدوڵا ئەحمەد، وتی: ساڵانە بۆ دارستانە دەستکردەکان تەلی ئاگربڕ دادەنێین، بەڵام قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر بەرێوبەرایەتییەکەی ئێمەش هەبووە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانمان، ئەمساڵ ڕیکخراوێکی ئەڵمانی کۆمەڵێک کرێکاری بۆ بەڕێوەبەرایەتی دارستانەکانیی سلێمانی دابین کردووە، کە ئێستا تەلی ئاگربڕ اددەنێن.

ژینگەی هەرێمی کوردستان تەنیا لە هاویندا مەترسیی لەسەر نییە، بەڵکو لە زستانیشدا بەهۆی دابەشنەکردنی نەوت و نەبوونی کارەبای پێویست لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، هاوڵاتیانی ناوچە کوێستانییەکان تایبەت لە گوندەکاندا، بۆ خۆ گەرمکردنەوە دار دەبڕن و دەیسوتێنن، وەک خۆیان باسی دەکەن، ئەوان لە ناچارییدا ئەو کارە دەکەن، بەڵام جارێکی دیکە ژینگەی هەرێم تێکدەدەن.

تریفە عەلی، هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان لە سلێمانی بە ڕۆژنیوزی وت: بەهۆی نەمانی گوڵ و درەخت، ژینگە کەوتووەتە قەیرانەوە، بۆیە پێویستە هەر تاکێک هۆشیاریی ئەوەی هەبێت، کە ژینگە بپارێزێت و ڕووبەری سەوزایی زیاد بکات و نەمام و دار بچێنێت و ئاگر لە ژینگە و دارستانەکان بەرنەدات.

ش.ف