بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، پاشنیوەڕۆى سبەینێ باران بارین لە تەواوى ناوچەکەمان دەستپێدەکات و هەندێ جار هەورە تریشقەشى لەگەڵ دەبێت، دەشڵێن، لە ناوچە شاخاوییەکانیش بەفر دەبارێت و بەهۆیەوە پلەکانى گەرما ٦ بۆ ٨ پلە نزم دەبنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، سبەى چوارشەممە لە کاتەکانى بەیانىدا ئاسمانى ناوچەکەمان لە نیمچە هەورەوە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو و دواتر نمە باران لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت پاشان کاریگەرى ئەو شەپۆلە، کە سەرچاوەکەى دەریاى ناوەڕاست و تورکیایە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان باران بارین لە پاش نیوەڕۆ لە تەواوى ناوچەکەمان دەست پێدەکات و لە ئێوارەدا خێراى با هەندێ جار بۆ سەرووى ٣٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات .
لە بەشێکى دیکەى ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئاستى باران زیاتر دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى شەودا و هەندێ جاریش هەورە تریشقەشى لەگەڵ دەبێت و لە شەودا کاریگەرى بارستە هەوایەکى سارد روو لە ناوچەکەمان دەکات و بەهۆیەوە بەفر بارین لە ناوچە شاخاوییە بەرزە سنوورییەکان دەبارێت .
کەشناسیى هەرێم ڕاشیگەیاندووە، رێژەى بارینى بەفر و باران لە سنوورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى هەولێر زیاتر دەبێت بەراورد بە ناوچەکانى دیکە و تێیدا پلەکانى گەرما بە نزیکەى ٦ بۆ ٨ پلە نزم دەبنەوە .
لە کۆتایشدا باس لەوەکراوە، کاریگەرى ئەو شەپۆلە بەفر و بارانە تا نیوەڕۆى رۆژى پێنجشەممە بە لاوازى دەمێنێتەوە لە پاش نیوەڕۆى هەمان رۆژ کۆتاى دێت و رۆژى هەینىش نزمترین پلەکانى گەرما لە کاتەکانى بەرەبەیان لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان لە سفر پلەى سیلیزى نزیک دەبێتەوە .
ئ.م