بەفر و جوانیی سروشتەکەی هەزاران گەشتیاری لە حەسەن بەگ کۆکردوەتەوە

چیای حەسەن بەگ، لەگەڵ ئەوەی هێشتا ناوەکەی بە تەواوەتی بە گوێی گەشتیارانی دەرەوە ئاشنا نەبووە، بەڵام بارینی بەفرێکی زۆر لێی و جوانیی و سەرنج ڕاکێشی سروشتی ناوچەکە سەرنجی هەزاران گەشتیاری بە لای خۆیدا ڕاکێشاوە، خەڵکی سنورەکەش دەڵێن: ناوچەکە گونجاوە بۆ گەشتیاریی زستانە و پێویستە لە لایەن حکومەتەوە بایەخی پێبدرێت.


چیایەكی بەرزو جوان، لە ناوچەیەک کە كەش و هەوایەكی خۆش و لەباری هەیە بۆ ئەنجامدانی گەشتوگوزار لەوەرزی زستاندا، چیاکە دوو هەزار و ٥٣٣ مەتر لەئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، بەدووری ٢٢كم دەكەوێتە باكوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی سۆران، لەسنوری شارەدێی سیدەكانە لەدەڤەری برادۆست، بە سنووری جیاكەرەوەی برادۆست و باڵەكایەتیش دادەنرێت ئەو چیایە چیای حەسەن بەگە.

ئەگەرچی چەند ساڵێكە گەشتیارانی بیانی و ناوخۆیی بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش بەتایبەت لەوەرزی بەهارو زستاندا ڕوودەكەنە چیای حەسەن بەگ، بەڵام بارینی بەفرێکی زۆر لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرنگی زیاتری گەشتیاریی زستانەی ناوچەکەی ئاشکراکرد، بەجۆرێك هەزاران كەسی بۆ لای خۆی پەلکێش کردوو خەڵك بۆ شەڕەتۆپەڵ لەناو بەفر و گرتنی وێنەی یادگاری و بەسەربردنی کاتێکی خۆش لە ناو سروشتە دڵگیرەکەی و ئارامکردنەوەی دەرونیان بە تایبەت خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگاكانی سنورەکە پۆل پۆل ڕوویان لە چیای حەسەن بەگ کرد.

سەختی ڕێگاكە وایكردووە هاوڵاتیان بەئاسانی نەگەن بە لوتكەی چیای حەسەن بەگ، لەگەڵ ئەوەی لەسەردەمی ڕژێمی بەعس ڕێگایەکی بۆ دروستكراوە، بەڵام بەهۆی نۆژەننەکردنەوەی ڕێگاکە بەشێکی زۆری تێکچووە و ئەوەش وایکردووە، زۆر جار بەهۆی زۆری بەفرەوە ئۆتۆمبێلە بچوكەكان نەتوانن سەربكەون، بەوەش زۆر كەس بێبەش دەبن لەبینینی سیحری جوانی دیمەنەكانی بەفری چیاكە.

گەشتیاران ڕەخنە لەحكومەتی هەرێمی کوردستان دەگرن بەوەی کە تائێستا نەیتوانییوە گرنگی باش بەناوچە گەشتیارییەكان بدات، لەو بارەیەوە ڕەحیم كەریم، کە خۆی و خانەوادەكەی لە سەنتەری شارۆچكەی سۆرانەوە هاتبوون بۆ حەسەن بەگ، گلەییەکانی خۆیان لە بارەی کەموکورتییە خزمەتگوزارییەکان لەناوچەکەدا لە ڕێگەی ڕۆژنیوزەوە بەمشێوەیە خستەڕوو:  "پێویستە حكومەتی هەرێم ڕێگای ناوچە گەشتیارییەكان چاك بكات و وەک باس دەکرێت ناکرێت چیای حەسەن بەگ بدرێت بەكەرتی تایبەت، چونكە ئەوكات خەڵكی كەمتر ڕووی تێدەكەن و پێویستە حكومەت خۆی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچەیە دابین بكات".

شەیدا جادر، گەنجێكی دیکەی دانیشتووی سۆرانە، ئەویش بە هەمانشێوە لەگەڵ خانەوادەكەی هاتبوو بۆ چیای حەسەن بەگ و وتی: "پێویستە حكومەت گرنگی زیاتر بەناوچە گەشتیارییەكان بدات و گەشتوگوزار بكات بەسەرچاوەی داهات".

ک.س