"بەنداو ئەوەندەی بۆمبی ئەتۆم زیان بە ژینگە دەگەیەنێت"

چالاکوانانی گفتوگۆی ئاوی مێزۆپتامیا، باس لەوە دەکەن کە لە مێزۆپتامیا کێشەی ئاو نییە، بەڵام دەوڵەتەکان بە بەنداو ڕێگریی لە ئاو دەکەن و لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاری دێنن، ڕاشیدەگەیەنن: بەنداو ئەوەندەی بۆمبی ئەتۆم ژینگە وێران دەکات.


شەش بۆ هەشتی نیسان گفتوگۆی ئاوی مێزۆپتامیا لەزانکۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، چالاکوانانی کۆمەڵگای مەدەنی، ژینگە پارێزان، ئەندازیاران، نوێنەرانی بەڕێوبەرییە خۆجێیەکان، لە چوارپارچەی کوردستان، عێراق، تورکیا، ئێران و ئەوروپا، بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کرد، محەمەد ئۆراک سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی کارەبای ئامەد و نیهات نۆیان هاوسەرۆکی ئەندازیارانی ژووری بنیاتنانەوە لقی ئامەد، لەسەر کێشەکانی ئاو لە مێزۆپتامیا و ئەو بەنداوانەی لەسەر ڕوبارە گەورەکان دروست دەکرێن، بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

"کێشەی ئاو نییە، دەوڵەتەکان لەسەر ئاو ڕێکناکەون"

محەمەد ئۆراک چالاکوانی گفتوگۆی ئاوی مێزۆپتامیا و سەرۆکی ژووری ئەندازیارانی کارەبای ئامەد، لەسەر ئەو بابەتە وتی: لە ڕاستیدا  کێشەی ئاو لەمێزۆپتامیا نییە، بەڵام عێراق، تورکیا، ئێران و سوریا لەسەر ئاو ڕێکناکەون، تورکیا نایەوێت ئاوی دیجلە و فورات بڕواتە ناو عێرق و سوریا و لە بەرژەوەندی خۆی بەکاری دێنێت، بەنداوی گەورە دروست دەکات و ڕێگەی ئاو دەگرێت، واتە کاتێک بەنداو هەیە بە دڵخوازی خۆی دەتوانێت ئاو بدات یان بیبڕێت، ئەو ڕووبارانە لە ڕاستیدا هی هەموو گەلانی مێزۆپتامیا و مرۆڤایەتین.

"بەنداو کلتوری ناوچەکە لەناو دەبات"

ئۆراک ئاماژەی بەوەدا کە بەنداوەکان جگە لە ژینگە، کلتوری ناوچەکەشی وێران کردووە و وتی: ئەو بەنداوانەی لە مێزۆپتامیا دروست دەکرێن، زۆرێک لە شارە مێژووییەکانمانی ژێرئاو کردووە، لە کاتێکدا هیچ پێویستییەک بەو بەنداوانە نییە، ئێمە ناڵێین هەر بەنداو نەبێت، بەنداو باشیشی هەیە، بەڵام ئەگەر بەنداو لەسەر بنەمای ئاسایشی دروست بکرێت، خراپە و ئێمەش دژیین، بۆ نمونە شێرناخ پێویستی بە بەنداو نەبوو، بەڵام تورکیا بۆ دروستکردنی هێڵێکی ئاسایشی لە ئاو، بەنداوی لەوێ دروستکرد، لەو شوێنانەی بەنداو دروست دەکرێت، کشتوکاڵ لەناو دەچێت و ناکرێت، دەبێتە هۆی کۆچبەری، بۆ دروستکردنی بەنداو پێویستە ڕای دانیشتووانی ئەو ناوچەیە وەربگیرێت.

"ئاوی مێزۆپتامیا هی هەموو ناوچەکەیە"

محەمەد ئۆراک، ئاماژەشی بەوەدا کە ئاو نەک تەنیا بۆ مرۆڤ بۆ گیاندارانیش پێویستەو وتی: ئەگەر ئاو نەبێت ژیانیش نابێت، ئەو ئاوەی لە مێزۆپتامیایە هی هەموو ناوچەکەیە، تەنیا هی تورکیا نییە، سوریا و عێراقیش لەو ئاوانە مافیان هەیە، بەو عەقلییەتە دەرگای دوژمنایەتی دەکرێتەوە.

نیهات نۆیان، هاوسەرۆکی ئەندازیارانی ژووری بنیاتنانەوە لقی ئامەد لە فۆرومی ئاوی مێزۆپتامیا، لەسەر ئەو بابەتە ئاماژەی بەوەدا کە ئەو زانیاریانەی لەسەر بەنداوەکان درا، بە گشتیی نەرێنی بوون و تابۆلۆیەکی باشی نەخستەڕوو، و وتی: لە گفتوگۆکە باسی زیانی بەنداوەکان کرا، ئەو زانیاریانەی لەسەر بەنداوەکان دراوە بە گشتی نەرێنی بوون و تابۆلۆیەکی باشی نەخستووەتەڕوو، بەنداوەکان سەرەتا لەسەر بنەمای پێویستی دروستکران، بەڵام بەداخەوە ئێستا لە ئامانجی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە و بوونەتە ڕانت و هەرکەسێک دەیەوێت بەنداوێک دروست بکات، هەندێک بە بیانوی دابینکردنی وزە، هەندێک بە بیانوی ئاودان و هەندێکیش بە بیانوی ئاوی خواردنەوە، بەنداو دروست دەکەن، کاتێک سەیری وشەکان دەکەی پاک و خاوێنن، بەڵام کاتێک سەیری پشتی پەردە دەکەی بێگومان زۆر شتی دیکە هەیە، ئەم وتانە وەک قەڵغان بەکار دەهێنرێن، و ڕاستییەکان لە پشت وشەکان دەشاردرێنەوە، ئەگەر بەنداوێک زیان نەگەیەنێتە، سروشت، مرۆڤ و ژینگە و بە ڕێژەی پێویست دروست بکرێن، کێشەی نییە، بەڵام پێویستە نەبنە ئامرازێک بۆ وێرانکردنی سروشت و پڕ کردنەوەی گیرفانی ڕانتخۆرەکان.

"پێویستە کەس ئاو وەک چەک لەدژی هەندێک دیکە بەکار نەهێنێت"

نیهات نۆیان، لەدژی ئەوەی ئاو ببێتە موڵکی دەوڵەت یان وڵاتێک قسەیکرد و وتی: کەس مافی بەسەر ئاوەوە نییە، ئاو سەرچاوەی ژیانە و پارچەیەک لە سروشتە، پێویستە ئاو لەژێر کۆنترۆڵی کەس دا نەبێت و وەک چەک لەدژی هەندێک دیکە بەکار نەهێندرێت، دەسەڵاتداران ئاو وەک چەک بەکار دێنن، بەڵام ئەوەی زیانەکەی دەبینێت دیسان هەر گەلە.

"بەنداو ئەوەندەی بۆمبێکی ئەتۆم بۆ سروشت زیانی هەیە"

وتیشی:  پێویستە حەسەن کێف، زەوگما، خەلەفتی، ئالیۆنا و زۆرێک شوێنی مێژووی دیکە کە کلتور و مێژووی هەزاران ساڵەیان هەیە لەژێر ئاو نەمینن، ئەمە تاوانی مرۆڤایەتییە، لە باکور لەسەر هەر چەم و دۆڵێک بەنداوێک دروست دەکەن، سەدان بەنداو لە بۆتان دروست کراوە و هێشتاش دروست دەکرێت، ئەو بەنداوانەی دروست دەکرێن ئەوەندەی بۆمبێکی ئەتۆم بۆ سروشت زیانیان هەیە، بۆیە بۆ هیچ کەسێک نییە دەست بەسەر ئاودا بگرێت، یان بەری لێیبگرێت، چونکە بەشێک لە سروشتە، پێویستە هەموو کەسێک بە شێوەی مرۆڤانە و دیموکراتیانە لە ئاو نزیک بێتەوە.

ش.ف