بەهۆکاری خەڵوزکردن و داربڕین و ڕاوکردن ١١ هاوڵاتی دەستگیرکران

بەهۆکاری خەڵوزکردن، داربڕین و ڕاوکردن ١١ هاوڵاتی لە سنوری سەیدسادق و دەربەندیخان لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیرکران.


ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی دەستگیرکردنی ١١ هاوڵاتی لە سنوری شارۆچکەکانی سەیدسادق و دەربەندیخانی سەر بە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە.

عەمید هێمن كمرخان، بەڕێوەبەری راگەیاندن لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان وژینگەی سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەیەکی بەشی  پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق لە چەمی ئالان قۆز لە ناوچەی تاسوجە، چوار هاوڵاتییان دەستگیر کردووە کە سەرقاڵی بڕینی داری دارستانەکان بوون هاوکات دەستیشیان بەسەر مەکینەیەکی فۆڕ گاسن و پیکابێک داری تەڕو مشارێکی کارەبایدا گرتووە. 

وتیشی: لە چالاکیەکی دیکەدا پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق لە گوندی قاینچە سێ هاوڵاتییان دەستگیر کردووە کە سەرقاڵی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی بوون، هاوکات  دەستیشیان بەسەر دوو باڵندە ی پۆڕو ٢ چەکی جۆری تاپڕو ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە.

هاوکات لە گوندی مۆتکەی سنوری دەربەندیخان پۆلیسی دارستان چوار هاوڵاتییان دەستگیر کردووە کە سەرقاڵی دروستکردنی خەڵوز بوون و دەستیش بە سەر ١٠ فەردە خەڵوزدا گیراوە، هەروەها ٣ کورەی خەڵوزیش تێکدراون و ئۆتۆمبێلێکیش دەستی بەسەرداگیراوە.

ک.س