بەهۆکاری ڕاوکردنی باڵندەی کێوی ٣ کەس دەستگیرکران

لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە شارۆچکەی سەیدسادق، سێ تۆمەتباریان لەسەر ڕاوکردنی باڵندەی کێوی دەستگیرکردووە.


ئەمڕۆ هێمن کەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ڕۆژنیوز نێردراوە، دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری ڕاگەیاندووە.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"هەمیشە و بەردەوام لە پێناو پارێزگاریکردن لەسروشت و ژینگەی کوردستان و پاراستنی ئاژەڵ و باڵندە کێویەکان مەفرەزەکانمان لەسەرجەم بەش و بنکەکان بەشەو و بە ڕۆژ بەردەوامیان هەیە، لە چوارچێوەیەدا مەفرەزەیەکی بەشی  پۆلیسی دارستان و ژینگەی سەیدسادق لە دەرچونێکی مەیدانیاندا بۆ گوندی درەگوڵان، توانیان سەرپێچیکارێک دەستگیربکەن کە هەستابوو بو ڕاوکردنی باڵندەی کێویی (پۆڕ) هاوکات دەستگیرا بەسەر چەکێکی جۆری 'تاپڕ'دا کە بۆ ڕاوکردن بەکاری هێنابوو".

 هەروەها هاتووە:"لە لایەکیترەوە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی سەیدسادق لە سنووری گوندی

سەراوی سوبحان ئاغا توانیان دوو هاوڵاتی بە تۆمەتی ڕاوکردن دەستگیر بکەن، کە سەرقاڵی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی بوون، لەگەڵ دەست بەسەراگرتنی دوو تاپڕ و تەواوی کەل و پەلەکانیان".

دوای دەستگیرکردنیان، ئەو سێ ڕادەستی دادگا کران بەمەبەستی لێپێچینەوەی یاسایی.

س.ح