بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان سووتا

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرەوە لە چەمی ڕێزان نزیکەی ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان سوتا، بەڕێوبەرایەتی دارستانیش دەڵێت، کە هۆکاری ئاگر کەوتنەوەکە، کردنەوەی ئاگر بووە لەلایەن گەشتیارانەوە.


ئەمڕۆ پۆلیسی دارستانی لە ڕاگەیەندراویکدا ئاماژەی بە سوتانی ١٠٠ دۆنم پوش و پاوان داوە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ناوچەی چەمی ڕێزان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا زانیارییەکان لەسەر ناوی عمیدی پۆلیس، هێمن کەمەرخان ئەفندی، بەڕێوەبەری هۆبەی ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دراوە و تێیدا هاتووە: ئاگرێكی فراوان لە سنووری چەمی ڕەزان کەوتەوە و بەهۆی بەهێزی تەوژمی ( با ) ئاگرەکە تەشەنەی کرد بۆ گوندەکانی ( گەورەدێ، کەڵەشێرە)، دوای گەیشتنی هەواڵەکە دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستانی پیرەمەگروون گەیشتە شوێنی ئاگرەکە و بەهاوکاری بنکەکانی ( ئاگرکوژێنەوەی پیرەمەگروون، ئاگرکوژێنەوەی ئاغجەلەر ) و دانیشتوانی سنوورەکە ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، کە زەرەرو زیانی ئاگرەکە مەزەندە دەکرێت بە سوتانی نزیکەی ( ١٠٠ ) دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی، هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی کردنەوەی ئاگر بووە لە لایەن گەشتیارانەوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەو بارەیەوە بەردەوامە.

د.ع