بەهۆی خەرجنەکردنی پارەوە خاونێنکردنەوەی چەند ناوچەیەک ڕاگیرا

کۆمپانیای گارێکس، کە کاری کۆکردنەوەی خاشاک لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ئەنجام دەدات، کارەکانی لە چەند ناوچەیەک ڕاگرت، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجەش دەڵێت: هۆکارەکەی خەرجنەکردنی پارەیە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە.


ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم کۆمپانیای گارێکس لە  شارەدێکانی سیروان، خورماڵ، بیارە، تەوێڵە و شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور، عەربەت، بەرزنجە، پێنجوێن و شارەدێی وارماوای سەر بە پارێزگای سلێمانی، کارەکانی ڕاگرت.

کۆمپانیاکە کاری کۆکردنەوەی خاشاک دەکات بەپێی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ حکومەت واژۆی کردووە، لە ١٥/٧/٢٠١٩-وە گرێبەستەکەی تەواوبووە، تا ئێستا حکومەت بۆی نوێنەکردووەتەوە.

لەوبارەیەوە، كوێستان ئەكرەم، سەرۆكی شارەوانی پارێزگای هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا كۆمپانیای گارێكس كارەكانی هەڵپەسارد لەسنووری پارێزگای هەڵەبجە و چەند زۆنێكی دیكە،بەڵام بەهەوڵی چەند لایەنێكی پەیوەندیدار پاش پێدانی بەڵێنێكی زارەكی بەكۆمپانیا سولفەیان بۆ خەرج دەکرێت، دەستیان كردەوە بەكاركردن، تا ئێستاش هیچ سولفەیەکیان بۆ خەرج نەکراوە.

ڕاشیگەیاند:"ئەم چەند مانگەی كاریانكردووە، هیچ پارەیەكیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ خەرج نەكراوە، كۆمپانیاكە تادوێنێش مووچەی مانگانەی كرێكارەكانی خۆیان داوە بۆ ئەوەی گرفتی كرێكارەكان نەیەتە سەر شانی حكومەت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارەکانیان بەبێ‌ پارە ناڕوات، جارێكی دیكە لەئەمڕۆوە كارەكانیان ڕاگرتووەتەوە".

سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە  باسی لەوەشكرد، کە لە هەوڵدان و لەگەڵ دیوانی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكان لەسەر خەتن، تاکو کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش هەوڵەکانیان ئەنجامی نەبووە.

بەرپرسانی کۆماپانیاکە جەخت دەکەنەوە، تا ئەو کاتەی سولفەی پێویست نەخەنە سەر حساب بانکییەکانیان، دەست بەکار ناکەنەوە، تەنها بەهۆی کارنەکردنی ئەمڕۆی کۆمپانیاکەشەوە زبڵو  خاشاکێکی زۆر لەو ناوچانەدا کۆبووەتەوە.

ش.ف