بەهۆی ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوەوە دەڕاسەیەك سوتا

بەهۆی ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوەوە لەگوندێكی سەر بەشارۆچكەی كەلار دەڕاسەیەك و پێنج دۆنم زەوی سوتا.


ئەمڕۆ، لە ناوچە جیاجیاكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و شارۆچكەی خانەقین، سێ ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە تۆماركراون، بەهۆیانەوە زیاتر لە حەوت دۆنم گەنم و پووش و پاوان و دەڕاسەیەك سوتاوە.
بە پێی ئەو زانیارییانەی ئیبراهیم محەمەد، بەڕێوەبەری بنكەی بەرگری شارستانی كەلار، كە بەڕۆژنیوزی داوە، لە گوندی تەنورەی سەربەشارۆچكەی كەلار، ئاگرێك كەوتوەتەوە، بوەتە هۆی سوتانی دەڕاسەیەك و پێنج دۆنم زەوی گەنمی جووتیاران، هەروەها لە گوندی مەجید سالارـ ی سنووری شارەدێی قۆرەتووی سەربەشارۆچكەی خانەقین، ئاگرێك كەوتوەتەوە زیاتر لە دوو دۆنم زەوی دەغڵ و دان وپووش و پاوانی سووتاندووە.
هەر ئەمڕۆ لەناو فەرمانگەی ئاوی كەلار ئاگرێك كەوتووەتەوە كە توانراوە كۆنترۆڵ بكرێت و زیانی نەبووە.
بەوتەی بەرپرسی بنكەی بەرگری شارستانی كەلار هۆكاری سەرجەم ئاگرەكان نەزانراوەو ئەو ئاگرەشی لە سنوری شارەدێی قۆرەتوو ڕوویداوە لە وڵاتی ئێرانەوە هاتووە.

 

 

د.ح