بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی هیوایەک بۆ ئاژەڵە نەخۆشەکان

بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی زیاتر لە نیوسەدەیە ئاژەڵی نەخۆشی تێدا چارەسەر دەکرێت و بووەتە هیوای بەخشینەوەی ژیان بەو ئاژەڵانەی کە نەخۆشیی مەترسییان لەسەر دروست دەکات.


بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەری سلێمانی ساڵی ١٩٦٤ لە شاری سلێمانی دامەزراوە و لەوکاتەوە تا ئێستا بێ دابڕان پزیشکانی ڤێرترنەرییەکە چارەسەری ئاژەڵە نەخۆشەکان دەکەن و ڕێنمایی پێویست دەدەن بە خاوەن ئاژەڵەکان.

بەڕێوبەرایەتییەکە لە ١٥ بەش پێکهاتووە و بە هۆبەکانیشییەوە لە شارەدێ و شارۆچکەکاندا ٦٥٠ کارمەند و پزیشکی هەیە، بەهۆی ئەوەی لە هۆبەکاندا تاقیگە نییە بۆ پشکنین، ، لە ٦٠ گوند و ٣٨ شارۆچکە و شارەدێی دەوروبەرەوە، ئاژەڵی نەخۆش بۆ چارەسەرکردن دەبرێتە ئەو ڤێرترنەرییە بۆ پشکنین و چارەسەر.

لەکاتێکدا، ئێمە بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە سەردانی ڤێتێرنەرییەکەمان کردبوو، گۆلک-ێک تەمەن شەش مانگ، کە تووشی زەردوویی بووبوو، لە شارەزوورەوە هێنرابوو تا پشکنینی بۆ بکرێت و چارەسەری بۆ وەربگیرێت.

کامەران قادر،  خاوەنی گۆلکەکە، پێشتر دەرمانی بۆ ئاژەڵەکەی بەکارهێنابوو، بەڵام دەرمانەکان سودیان نەبووە، ئەمجارە بە ئومێدی چارەسەری تەواوەتیی، گۆلکەکەی هێناوە بۆ ڤێرترنەریی سلێمانی.

بەگشتیی خاوەن ئاژەڵەکان خۆیان ئاژەڵە نەخۆشەکانیان دەبەن بۆ ڤێتێرنەریی سلێمانی بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام ئەگەر لە گوندێکدا ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ تووشی نەخۆشیی ببن، ئەوا بەڕێوبەرایەتییەکە تیمی پزیشکی دەنێرنە ئەو گوندە و چارەسەری پێویست بۆ ئاژەڵەکان دادەنێن، هەروەها بۆ کوتان دژی نەخۆشییە بڵاوەکان، تیمی تایبەت ڕەوانەی گوندەکان دەکرێن.

هەر لە ڤێتێرنەری سلێمانی، بەشی تایبەت بە نەشتەرگەریی هەیە و لە حاڵەتی پێویستدا نەشتەرگەریی بۆ ئاژەڵەکان ئەنجام دەدرێن، ئەو ئاژەڵانەشی، کە بە هەر هۆکارێک بریندار دەبن، تەداوییان بۆ دەکرێت.

بەرێوبەرایەتییەکە جیاواز لە چارەسەر و پاراستنی ئاژەڵ و پەلەوەر لە نەخۆشیی، ڕێگریی لە گواستنەوەی نەخۆشیی لەنێوان ئاژەڵ و مرۆڤ-یش دەکات، وەک پزیشکەکان باسی دەکەن، لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا زیاتر لە  ٢٠٠ جۆر نەخۆشیی هەیە، کە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بۆیە پێویستە هۆشیاریی تەواو لای خاوەن ئاژەڵەکان هەبێت.

سەبارەت بەو نەخۆشییانەی، کە لە وەرزی گەرمادا زیاتر تووشی ئاژەڵەکان دەبن، ئاواز سەردار، پزیشک لە بەڕێوەبەرایەتی ڤێترنەری سلێمانی وتی:   لەم وەرزەدا زیاتر نەخۆشی دانەکە بڵاودەبێتەوە، کە بەهۆی ڤایرۆسەوە تووشی دەبێت وەک گرێی بچووک بچووک لەسەر پێستی ئاژەڵەکە دروست دەبێت و دەگوازریتەوە بۆ ئاژەڵەکانی تر، ئەگەر خاوەنی ئەو ئاژەڵە شارەزا نەبێت نەک تەنیا لەناو ڕانەکەی خۆیدا، بەڵکو لەناو ئاژەڵی خەڵکی دیکەشدا بڵاودەبێتەوە.

 بەڕێوبەرایەتیی ڤێتێرنەری سلێمانی، بەدەر نییە لە کێشە و وەک ئاری سەلاحەدین، بەڕێوبەری ڤێرترنەری سلێمانی باسی کرد، بەهۆی قەیرانی دارییەوە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کەمیی دەرمان بووەتەوە، بەڵام لە کارکردن نەوەستاون و بەردەوامییان پێداوە.

ش.ف