تا ئێستا ئاگرەکەی گۆیژە کۆنترۆڵ نەکراوە

نزیکەی پێنج کاتژمێرە ئاگر لە چیای گۆیژە کەوتووەتەوە تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە، کارمەندێکی بەرگریی شارستانیی بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربووە و ڕێژەیەکی زۆر پووش و پاوانیش سووتاوە.


لە کاتژمێر ١٠:٠٠ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە ئاگر لە چیای گۆیژەی شاری سلێمانی کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش کۆنترۆڵنەکراوە.

بەوتەی عەمید دیاری ئیبراهیم، بەڕێوبەری بەرگریی شارستانی سلێمانی بەهۆی هەبوونی ڕەشەبا-وە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و ڕووبەرێکی زۆری لە پووش و پاوانی گۆیژە سووتاندووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی ئاگرەکەوە نەیانتوانیوە ڕووبەری سووتاوییەکە دەستنیشان بکەن.

سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش، بەڕێوبەری بەرگری شارستانی سلێمانی باسی لەوەکرد، کە تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەیان بۆ دەرنەکەوتووە و دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەکەی دەکەن.

هەر بەوتەی ناوبراو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٩٥%ی ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە و لەکاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەشدا کارمەندێکی بەرگری شارستانی سلێمانی بەسووکیی برینداربووە.

ش.ف