توانەوەی بەفری قەندیل بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو

توانەوەی بەفری کەڵەکە بووی چیای قەندیل بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناوچاکانی بناری قەندیل، بەهۆی لافاوەکەشەوە زیان بەر چەند شوێنێک کەوتووە و پردێکیش ڕووخاوە.


پایزی ساڵی ڕابردوو بارانێکی بەلێزمە لە بناری قەندیل باری و بووە هۆی دروستبوونی لافاو، بەو هۆیەشەوە ڕێگای زۆرێک لە گوندەکانی سنورەکەی هەڵوەشاند و زیان بەر هێڵی ئاو و کارەبای ناوچەکەش کەوت و بەشێک لەو پردانەی گوندەکانیشیان پێکەوە دەبەستەوە بەهۆی ئەو لافاوەوە زیانیان بەر کەوت و ڕووخان.

دوای لافاوەکە لەلایەن شارەوانی بناری قەندیلەوە داوای بەدەمەوە چوون بۆ هاوکاری لێقەوماوان کرا و کەمپەینێک ڕێکخرا، بەڵام لەلایەن حکومەتەوە هەوڵێکی بەرچاو بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانی هاوڵاتیان نەدرا، لە چوارچێوەی ئەو کەمپەینەی ڕاگەیندرا، لە زۆرێک لە ناوچەکەنی کوردستانەوە هاوکاری کۆکرایەوە، هەروەها کەجەکە هاوکاری پێشکەشی شارەوانی کردبوو، بەو هاوکاریانەی کۆکرابوونەوە، شارەوانی هەوڵیدا زیانلێکەوتووان قەرەبوو بکاتەوە.

کارەکانی شارەوانی بەردەوامە و هێشتاش هەندێک لە پێداویستییەکان ماون تەواو بکرێن، بەڵام ئێستا ناوچەکە کەوتووەتە ژێر کاریگەری لافاوی توانەوەی بەفری چیاکان، کە بە درێژایی وەرزی زستان بەفرێکی زۆر لە ناوچەکە باریبوو و ئێستا بە هاتنی وەرزی بەهار و گەرمبوونی کەشوهەوا، بەفرەکان دەتوێنەوە، بەو هۆیەشەوە ئاوی ڕووبارەکانی ناوچەکە زیادیان کردووە و دووبارە زیانی گەیاندووەتە ناوچەکانی بناری قەندیل.

دوای لافاوەکەی پایز کە یەکێک لە پردەکان ڕوخا، پردێکی دیکەی کۆن لەلایەن شارەوانییەوە چاککرایەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان وەک ڕێگای بەدیل بەکاری بهێێنن، بەڵام بە زیادبوونی ئاوی ڕووبار بەهۆی توانەوەی بەفرەوە، ئەو پردەش ئاو بردی، بە و هۆیەشەوە لە ئێستادا ڕێگای ژمارەیەک لە گوندەکان بڕاوە و گوندنشینان ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ دروستبووە.

لەم ڤیدیۆیەدا کاریگەریەکانی توانەوەی بەفری چیاکان دەبینرێت.

ک.س