تورەکەی خام بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا

کۆمەڵێک لەچالاکوانانی بواری ژینگە هەڵسان بەدابەشکردنی تورەکەی خام وەک جێگرەوەیەک بۆ کیسی نایلۆن و زەرفی کاغەز.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لەشارۆچکەی دەربەندیخان کۆمەڵێک ژینگەپارێز هەڵسان بە دابەشکردنی تورەکەی خام بەسەر هاوڵاتیانی ئەو شارۆچکەیە.

بیلال حەسەن، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی چالاکیەکە بۆ ڕۆژنیوز، وتی: وەکو کۆمەڵێک ژینگە پارێز هەڵساین بە دابەشکردنی ٢٠٠ تورەکە لەناو بازاڕدا، تورەکەکان قوماشی خام بوون، هیچ جۆرە ماددەیەکی نایلۆنی تێدا نەبوو.

ئەو چالاکوانانە دەستنیشانی دەکەن، لەبەرئەوەی کیسی نایلۆن دژی ژینگەیەو زیانی بۆ تەندروستی هەیە، بۆیە ئەو تورەکانە دۆستی ژینگەیە و دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی کیسی نایلۆن و زەرفی کاغەز.

ئامانج لەم چالاکیەش ئەوەیە، خەڵک هان بدەن و بۆ بەکارهێنانی تورەکەی خام لە جێگای کیسی نایلۆن و زەرفی کاغەز.

ب.ش