جارێكیتر زیاتر له ٥٠٠ دۆنم ده‌غڵ و دانی جوتیاران سووتا

به‌ هۆی كه‌وتنه‌وه‌ی دوو ئاگره‌وه‌، له‌ سنووری شارۆچكه‌ی خانه‌قین، زیاتر له‌ ٥٠٠ دۆنم زه‌وی ده‌غڵ و دانی جوتیاران سووتا، هۆكاری یه‌كێك له‌ ئاگره‌كان نادیاره‌ و هۆكاری ئه‌وه‌ی دیكه‌یان به‌ هۆی بریسكه‌ی ئاگری ده‌ڕاسه‌ی دروێنه‌كه‌وه‌ بووه.


له‌ دووكاتی جیاوازی ئه‌مڕۆدا، ئاگر له‌ سنووری شاره‌دێی مه‌یدانی سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی خانه‌قین كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و تا كه‌مێك پێش ئێستا ئاگاره‌كه‌ به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، دواتر له‌ لایه‌ن سێ بنكه‌ی ئاگركوژێنه‌وه‌ ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ .

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی، نیعمه‌ت عه‌لی وته‌بێژی پۆلیسی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان به‌ڕۆژنیوزی داوه‌، هه‌ردوو ئاگره‌كه‌ له‌ گونده‌كانی (ئه‌رمیل و ده‌شتی شێخان و شاوازی )كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ده‌وروبه‌ری قه‌ڵاكه‌ی به‌هجه‌ت له‌ سنوری شاره‌دێی مه‌یدان.

زیانی هه‌ردوو ئاگره‌كه‌ بریتی بووه‌ له‌ سووتاندنی ٥٠٠ دۆنم زه‌وی ده‌غڵ و دان و پاوانی جوتیارانی سنوورەکە.

به‌ پێی زانیارییه‌كانی وته‌بێژی به‌رگری شارستانی، ئاگره‌كان زۆر به‌هێزبوون‌ و بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ پێنج كاتژمێر به‌رده‌وامی هه‌بووه‌، بنكه‌كانی به‌رگری شارستانی مه‌یدان و پێباز و كه‌لار، له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌ هاوڵاتیانی گونده‌كان توانیویانه‌ ئاگره‌كان كۆنترۆڵ بكه‌ن.

س.ح