جارێکی دیکە لە شەنگال ئاگرکەوتەوە

لە گوندی دۆمیس-ی شەنگال ئاگرکەوتەوە و تا ١٥ کیلۆمەتری گوندی قابوسی سووتاندووە و ئاگرەکەش هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.


جارێکی دیکە لە شەنگال ئاگرکەوتەوە و لە گوندی دۆمیس تا ١٥ کیلۆمەتری گوندی قابۆسیی سووتاندووە و ئاگرەکە هێشتا نەکوژێنراوەتەوە.

ئاگرەکە ئەمڕۆ کەوتووەتەوە و هێزەکانی یەبەشە، تیمەکانی ئاگر کوژێنەوە و پۆلیسی ناوخۆ بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوون بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

لەسەر ڕووداوەکە فەحەد حامد، قائیمقامی شەنگال، وتی: کاتژمێر ١١:٠٠ی پێشنیوەڕۆ لە کەوتنەوەی ئاگرەکە ئاگادار کراینەوە، تا گەیشتینە شوێنی ڕوداوەکە، ئاگر گەیشتبووە گوندی قابۆسی و ئەگەر وەها بەردەوام بێت ئاگرەکە دەگاتە گوندەکانی تلقەسەب، حاتمی و کۆچی، هەوڵدەدرێت ئاگرەکە بکوژێندرێتەوە، داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین، ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی زیاتر بدرێت بە شەنگال، چونکە شەنگال ناوچەیەکی کشتوکاڵییە.

حامد ئاماژەی بەوەشدا کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە هێشتا دیار نییە و وتی: دەزانین سێ بۆ چوار ماڵ لەوێن، بەڵام نازانین توانیویانە لەوێ دوور بکەونەوە یان نا، بەڵام گوندی قابۆسی-مان ئاگادار کردووەتەوە کە لەوێ نەمێنن و داوا لە خاوەن تانکەرەکان دەکەین کە بە تانکەرەکانیانەوە هاوکاری بکەن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

ک.س