جوتیارانی باڵەكایەتی: بەفربارینی ناوەخت زیانی زۆری لە باخەكانمانداوە

ئەو شەپۆلە بەفربارینەی دوو ڕۆژی ڕابردوو زیانێكی زۆری لە جوتیارو باخدارانی ناوچەی باڵەكایەتیداوە، جوتیارانی سنورەکەش دەڵێن: ژیانمان لەسەر ئەو پیشەیە بەڵام بەهۆی بەفرەوە كە لە كاتی خۆی نەبووە زیانێکی زۆرمان بەركەوتووە و داواشدەکەن حكومەت لیژنەیەك پێكبهێنێـت و قەرەبوویان بكاتەوە.


ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و سنوری باڵەکایەتی سەر بە پارێزگای هەولێریش یەکێکە لەو ناوچانەی کە لە دوو ڕؤژی ڕابردوودا بەفرێکی زۆری لێباریی بەجۆرێک لە هەندێک شوێن زیاتر لە 20سم بەفرباریووە، جوتیارو باخدارانی باڵەكایەتیش لەڕێگەی ڕۆژنیوز-ەوە باس لە زیانەکانی بەفربارین دەکەن لەم وەرزەدا.

محەمەد وسو، باخەوانێکی سنوری باڵەکایەتییە و لەوبارەیەوە وتی: بەفری ئەم دواییە زیانێکی زۆری لێداوین و سەرجەم باخەكان گوڵ و كوڵوكەكانیان هەڵوەریوون و ڕزاندونی، ئەمەش وا دەکات بۆ ئەمساڵ هیچ سودێک لە باخەكانمان نەبینین وبەدەست بەتاَلی بمێنینەوە.

دەشڵێـت: من باخێكی گوێزو سێوم هەیە كە نزیكەی حەوت سەد داری تێدایە، بەڵام بەهۆی بەفرەوە هەمووی لەناوچووە و كەڵكی خزمەتكردنی نەماوە بۆ ئەمساڵ، وتیشی: هەر من نیم بەڵکو جوتیارانی ناوچەكە هەمووی زیانیان بەر کەوتووە و بژێویان لەسەر ئەم بەربومانەیە، داواكارین حكومەت لە چوارچێوەی لیژنەیەك قەرەبوومان بكاتەوە.

كەریم مستەفا، یەكێكی دیکەیە لە باخەوانەكانی باڵەكایەتی و لەبارەی زیانەكانی بەفر بۆ بەروبوومەکانیان دەڵێت: ئەگەر بەفر هەرچەندە ببارێت لە كاتی خۆیدا ئەوا بەرەكەتی گەورەیە و سودی دەبێت، بەڵام ئەگەر كەوتە مانگی چوار و ناوەڕاستی چوار ئەوا زیانێکی زۆر لە باخ و ڕەزی جوتیاران و باخەوانان دەدات، بۆیە ئەم بەفرەی دوایی زیانیًكی زۆری هەبووە سەرجەم ئەو باخانەی كە پشكتوون لەناوچوون و بەربوومی ئەمساڵیان لەدەستچووە.

دەشڵێت: حكومەت لەكاتی زیانەكانی جوتیارو باخداراكاندا هیچ كات هاوكاری نەكردوون كە وا لە خەڵكی ئەو ناوچەیە بكەن هانیان بدات بۆ ئەوەی زیاتر پەرە بە كارەكانیان بدەن، چونكە باڵەكایەتی ئاو و هەوایەكی باش و جێگیری هەیە ئەگەربێت و پەرە بە کشتوكاڵ بدرێت تام و لەزەتی بەربوومەكانی خۆشن.

لەسەر ئەو پرسە ڕۆژنیوز، پەیوەندی بە سلێمان عەبدوڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چۆمانەوە كرد و لەڕێگەی تەلەفۆنەوە تەنها ڕایگەیاند، کە بەفرەکە زیانی دەبێـت ئەگەر زیانەكانیش دەركەوتن لیژنەپێکدێنن و داوای قەرەبوو ئەكەینەوە بۆیان.

ک.س