جوتیارانی شارەزوور دەستیان بەبڕینی بەرهەمی كونجی کرد

دەشتی شارەزوور، یەكێكە لەدەشتە بەپیتەكانی كوردستان، چەندەها بەربوومی كشتوکاڵی جیاوازی تێدا بەرهەم دەهێنرێت، كونجی یەكێكە لەبەرهەمەكانی و جوتیاران ئێستا خەریكی بڕینی كونجیەكانیانن، بەڵام وەک جوتیاران دەڵێن: هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەکی زیانی لە بەرهەمهێنانی کونجی-شداوە.


كونجی بەرهەمێكی کشتوکاڵی هاوینەیە لەمانگی حوزەیران دەست دەكرێت بەچاندنی، سەرەتایی وەرزی پایز دروێنە دەكرێت، زیاتر پێویستی بەخاكی شیبوەوە هەیە بۆ گەشەكردنی، یەك دۆنم زەوی بڕی یەك كیلۆۆ و نیو كونجی پێوە دەكرێت، بەوەش نزیكەی ٢٠٠ كیلۆ كونجی لێبەرهەمدێت.

كونجی لەكاتی پێگەیشتنی، جوتیار ئەگەر زوو فریایی نەكەوێت و باران لێی بدات ئەوا بەرهەمەكەی دەگەنێت و خراپ دەبێت، بۆیە جوتیاران بەردەوام ترسیان لەبارینی باران هەیە بۆیە زوو دەست بە بڕینی دەکەن، پاش بڕینەكەی بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ لەسەر كۆنكرێت یان قیر دایدەنێن بۆ ئەوەی بەجوانی بگات، دواتر بڵاودەكرێتەوە بۆ ئەوەی وشكبێت و بتەكێنرێت.

كونجی چەندین سودی هەیە، لەوانە بۆ دروستكردنی ڕۆن و سابون، لەدروستكردنی كێك و كولێرە، هەروەها لە دروستكردنی ڕاشی و گەلێک شتی دیکەشدا بەكاردەهێنرێت.

ڕەزا حاجی جەزا، جوتیارێكی گوندی (كەوچكتاشی) دەشتی شارەزوورە لە بارەی بەرهەمهێنانی کونجییەوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز كرد: "چاندنی كونجی لەمانگی شەشی کۆتایی وەرزی بەهار دەست پێدەكات، لەمانگی تشرینی یەكەم دروێنە دەكرێت، كەبەرهەمێكی هاوینەیە، سێ‌ جۆر كونجی دەكرێت، كونجی ڕەش، شەش پەڕە، هەروەها كونجی سپی، بەڵام كونجی سپی لەكوردستان كەمدەكرێت، جۆرەكەی ڕوسییە و زیاتر لەو وڵاتە دەکرێت".

وتیشی "بەرهەمی كونجی ئەمساڵمان باشە، هەرچەندە ساڵانی ڕابردوو كەمدەكرا، بەڵام ئەمساڵ جوتیاری باش دەستیان كردوەتەوە بەچاندنی كونجی، بەرهەمی كونجیش كارگەی ڕاشییەكان وەری دەگرن و دەیكەن بەڕاشی بۆ خواردن، فڕنەكانیش زۆرجار لەدروستكردنی كولێرەدا بەكاری دێنن".

ئەو جوتیارە ئەوەشی وت: بەرهەمەكانمان دەبەینە شاری سلێمانی و لەوێ‌ ساغی دەكەینەوە، بەڵام ئێستا بازاڕ كونجی ڕوسی و ئەفغانی تێدایە، بەو هۆیەشەوە بەرهەمی ناوخۆیی ئێمە كەم پارە دەكات، یەك كیلۆی نرخەكەیی نزیكەی ٢ هەزار دینارە".

عوسمان حەمەساڵح، هاوڵاتییەکی سنورەکەیە و كاریی كرێكاری و كونجی بڕینی دەكرد و وتی، ئەم كارە بۆ ئێمە زۆر باشە لەم كاتەدا، ئێستا وەرزی كونجی بڕینە، لەكاتژمێر ٦ی بەیانی دێینە سەر كارەكەمان تا ٤ی ئێوارە كاردەكەین، كارەكەش زیاتر بەپیاوان دەكرێت بەكۆمەڵ.

وتیشی: كونجییەكە بەداسی بچوك دەبڕین، چونكە جۆرێك گژوگیا هەیە ئەگەر بچێتە ناو كونجییەكەوە بەرهەمەكەیی خەسار دەبێت، كونجی دان و بەرهەمەكەی وردە دواتر ئەو گژوگیایەی لێ‌ جیا نابێتەوە، جگەلەوەش نابێت كونجیەكە خۆڵی پێوەبێت لەكاتی برینەكەی بۆ ئەوەی بەرهەمەكە پیس نەبێت.

هەروەها ئەحمەد محەمەد، دانیشتوی یەکێک لە گوندەکانی سنوری شارۆچکەی شارەزوورە، بەهەمان شێوە كاری بڕینی كونجی دەکات و بەدەم کارەوە بۆ ڕۆژنیوز قسەی کرد و وتی: "دەشتی شارەزوور دەشتێكی بەپیتە ئەگەر خاوەنی هەبێت بەرهەمی باشی لێ بەرهەم دێت، كونجیش لەدەشتی شارەزوور لەمانگی ٦ بكرێت زۆر باشە، چونكە زوو پێدەگات، هەرچەندە زۆربەی جار كاتی پێگەیشتنی نزیكی باران و سەرپەڵەیی پایز دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر زوو پێبگات بەرهەمەكەی باش دەچێتە بازاڕەوە و دەفرۆشرێت".

وتیشی: ساڵانی ڕابردوو بەمجۆرەی ئێستا نەدەكرا جوتیاران كونجیان كەمدەكرد، بەڵام ئەمساڵ زۆر باشە، كونجیش پێویستی بەخاكی شیبوەوە هەیە هەتا خزمەتی زیاتر بكرێت بەرهەمی باشی دەبێت، دەشتی شارەزوور زیاتر كونجی شەش پەڕە، هەروەها كونجی ڕەشی تێدا دەكرێت، هەردووكیان بڕشتی باشەو خراپ نیە".

ک.س