جوتیارانی شارەزوور دەستیان بە دروێنەی بەرهەمی ماش کرد

جوتیارانی سنوری شارۆچکەی شارەزوور دەستیان بە بڕین و دروێنەی بەرهەمی ماش-ەکانیان کرد، بە وتەی خۆشیان ئەمساڵ بەرهەمیان باشە و تەواوی بەرهەمەكانیشیان لەناوخۆی كوردستاندا ساغ دەكەنەوە.


بەهۆی بە پیتی خاکەکەیەوە سنوری شارۆچکەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانی لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی زۆربەی جۆرەکانی کشتوکاڵ و ماش-یش یەکێک لەو بەرهەمانەیە کە لەلایەن بەشێک لە جوتیارانی ئەو سنورەوە دەچێنرێت، لە ئێستاشدا کاتی بڕین و دروێنەی ئەو بەرهەمەیە.

ماش، بەرهەمێكی کشتوکاڵی هاوینەیە و لەمانگی ١٠دا دەست دەكرێت بەدروێنەكردنی، بۆ یەك دۆنم زەوی پێویستی بە  ٣ كیلۆ تۆوی ماش هەیە و ئەگەر پڕ بێت، بەرهەمی باش نابێت، پاش دروێنەكردنەكەی چەند ڕۆژێك دادەنرێت بۆ ئەوەی بەجوانی وشك بێتەوە دواتر لەهەباشە دەدرێت و پاك دەكرێتەوە و دەبرێتە بازاڕ بۆ فرۆشتن و لە ئێستادا نرخی هەر کیلۆگرامێکی لەنێوان ٦٠٠ دینار بۆ ٧٠٠ دیناردایە.

ماش، جگە لەوەی وەک خواردنی کوردەواریی هێشتا لە بەشێک لەماڵەکاندا وەک ژەمە خواردن دەخورێت، بەڵام ئێستا زیاتر بۆ خواردنی پەلەوەر بەكاردێت.

حاجی حەسەن محەمەد، جوتیارێکی سنوری شارەزوورە و بۆ ڕۆژنیوز وتی: ماش وەك كونجی، دوای دروێنەكردنی گەنم و جۆ دەست دەكرێت بەچاندنی، لەوەرزی هاویندا تا كاتی دروێنەكردنی پێویستە ٥ جار ئاو بدرێت، لەوەرزی پایزیشدا دروێنە دەكرێت، بەداس بێت یان بە كەرەمتوو.

وتیشی: پاش بڕینەكەی، بە ئامێری هەباشە دەكوترێت و پاك دەكرێت، دواتر لەبازاڕ دەیفرۆشین، بۆ ئالیكی ئاژەڵ و پەلەوەر، هەروەها بۆ خواردنیش وەك شلەی ماش دەخورێت، هەروەها داوای كوڵاندنیشی سور دەكرێتەوە، دەخرێتە سەر برنج، زیاتریش لەوەرزی زستاندا دەخورێت.

حاجی حەسەن، ئەوەشی وت: شوێنی ماشەكە گژوگیای زۆر بێت، دەبێت بەكەرەمت و بدورێتەوە ئەگەر گژوگیاشی كەمبێت بەداس دروێنە دەكرێت، بەرهەمەكەش لەناوخۆی هەرێمی كوردستان زیاتر ساغ دەبێتەوە.

ئارام حەمەڕەشید، جوتیارێکی دیکەی سنوری شارەزوورە و ماوەی چەند ساڵێكە بەرهەمی ماش دەكات و باسی لەوەکرد کە "ماش لەسەرەتای وەرزی هاوینەوە دەست دەكرێت بەچاندنی، دوو جۆری هەیە، ماشی سەوز كە زیاتر بۆ خواردن وەك شلە بەكاردێت، هەروەها ماشی ڕەش کە زۆرتر بۆ خواردنی پەلەوەر وەك كەو كۆتر بەكاردێت.

لە بارەی بەرهەمی ئەمساڵیشیانەوە ئەو جوتیارە وتی: بڕشت و بەرهەمی ماش ئەمساڵ باشە، ئەو زەوییەشی تێیدا دەكرێت شی بێت و بكێڵرێت زۆر باش دەبێت ئەگەر بتەوێت بەرهەمی باشی هەبێت، هەروەها تا ئاوی زیاتر بدەیت كێش و دانی زیاتری دەبێت.

بەرهەم حەمەڕەشید، جوتیارێكی دیكەی سنورەکەیە و لەكاتی دروێنەكردنی ماشەكەیاندا قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی: هەندێك ماش كە بژارو گژوگیای كەمبێت بەشێك لەجوتیارەكان بەئامێری كارەبایی كۆڵەپشت دروێنەی دەكەن، هەر شوێنێكیش گژوگیای زۆر بێت بەكەرەمتوو یان بەداس دەبێت دروێنە بكرێت، ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ماشەی لەمانگی ١٠دا پێدەگات زۆرباشترە لەوانەی کە دوا دەکەون بۆ مانگی تشرینی دووەم، چونکە ئەوە ترسی هەیە بەر بارانی سەرپەڵە بكەوێت و بەرهەمەكەی خراپ بێت.

ئەوەشی وت: ساڵانی ڕابردوو بەهۆی كەمی ئاوەوە ماش كەمدەكرا، بەڵام چەند ساڵێكە بەهۆی زۆری ئاوەوە جوتیاران ماش دەكەن.

ک.س