جوتیارانی شارەزوور دەستیان بە دروێنەی بەرهەمی چەڵتوك کرد

جوتیارانی دەشتی شارەزوور دەستیان بە دروێنەكردنی بەرهەمی چەڵتوك کردووە، بە وتەی جوتیارانی سنورەکەش بڕشت و بەرهەمی ئەمساڵیان زۆر باشە، بەڵام بە هۆی هاوردەکردنی برنج لە دەرەوە و پارە نەکردنی لە بازاڕ جوتیاران کەمتر سەرقاڵی بەرهەمهێنانی برنجن.


دەشتی شارەزوور لە سنوری پارێزگای سلێممانی دەشتێکی، بەپیتە و چەندین جۆر برنجی تێدا بەرهەم دەهێنرێت وەك (گوڵ سپی، ئەمریكی بۆندار، برنجی گەرمە لەگەڵ ساردە) بەوتەی جوتیاران جۆری سپیەكەی لەهەمووی باشترە و چەڵتوك  ئاوی پایز بخوات و باران لێی بدات، برنجەكەی زۆر باش و جوان دەردەچێت.

بە گوێرەی زانیاری بەرپرسانی کشتوکاڵ، لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سەیدسادق ١٢٠ هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی دێمی و بەراوی هەیە، لەو ڕێژەیەش، جوتیاران نزیكەی ١٠٠ دۆنم زەوییانكردوە بەچەڵتوك، جوتیارانیش دەڵێن چەڵتوك کەم دەکرێت چونکە تەنها لەو ناوچانە دەكرێت کە سەرچاوەی ئاوێكی هەمیشەیی زۆریان هەبێت، شەو ڕۆژ بەبەردەوامی پێویستی بەئاوە، گرفتێكی دیكەی كەمی بەرهەمی چەڵتوك ئەوەیە پارە ناكات كە نرخەكەی لە ئەمڕۆدا هەزارو ٥٠٠ دینارە، هەروەها هاوردەكردنی برنجی دەرەكیش هۆكارێكی دیكەی كەمبوونی بەرهەمی چەڵتوكە.

وەرزی مەرزەکردن و چاندنی چەڵتوک بۆ بەرهەمهێنانی برنج لە ناوەڕاستی مانگی شەش دەستپێدەكات و لە کۆتایی مانگی ١٠ دروێنە دەكرێت، خواردنی برنج لە كوردستاندا لەدوای گەنم پلەی دووەمی هەیە.

چەڵتوك زیاتر پێویستی بەكەشوهەوای فێنك و ئاوی ساردە، ئەگەر ئاوەكەی گەرمبێت برنجەكەی زۆر جوان دەرناچێت، هەروەها دەبێت خزمەتی باش بكرێت و بەو جۆرە بەرهەمەکەی یەك بەحەفتا دەبێت، واتە یەك تەنەكە چەڵتوك ٧٠ تەنەكە بەرهەمی دەبێت، بەپێی ساڵیش بڕشت و بەرهەمەکەی دەگۆڕدرێت".

فارس فایەق، جوتیارێكی گوندی کەوچکتاشە لە دەشتی شارەزور بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم دەست دەكەین بەدروێنەكردنی بەرهەمی چەڵتوك، ئەگەر چەڵتوكەکە با نەیخستبێت، بەئامێری دەڕاسە دروێنەی دەكەین، بەڵام ئەم چەڵتوكەی ئێمە ئێستا كەوتووە دەبێت بەداس دروێنەی بكەین.

وتیشی: دوای دروێنە كردنی دەیبەین بۆ ئاش لە سلێمانی دەیكەین بەبرنج و دەیهێنینەوە، برنجەكەشی زیاتر بۆ خواردنی خۆمانە، هەرچیمان لێ‌ زیاد بێت دەیفرۆشینەوە لەبازاڕەكاندا، ئەم جۆرەی ئێمە كردومانە برنجی سپییە، بڕشت و بەرهەمی جوانە.

ئەو جوتیارە نیگەرانیش بوو لەوەی حكومەت هیچ هاوكارییەكیان ناكات، "چونكە ئەگەر حكومەت پاڵپشتی جوتیاران بكات، جوتیاران زیاتر بەرهەمی چەڵتوك دەكەن".

حەمەساڵح فایەق، جوتیارێكی دیكەی گوندی كەوچكتاشی دەشتی شارەزوورە بۆ ڕۆژنیوز وتی: پێگەیشتنی بەرهەمی چەڵتوك ماوەی ٤ مانگی پێدەچێت، پاش پێگەیشتنەكەشی بەداس دروێنەی دەكەین، لەسەر نایلۆن دایدەنێین بۆ ئەوەی خۆڵ و بەردی تێنەچێت، پاشان بەئامێری دەڕاسە پاكی دەكەینەوە و بەو شێوەیەش چەڵتوكەكەمان بە پاكی دەست دەكەوێت.

وتیشی: لە یەك كیلۆ چەڵتوك هەشت تەنەكەی لێ‌ بەرهەم دێت، كیلۆی چەڵتوكیش لە ئێستادا لە بازاڕدا هەزار و ٥٠٠ دینارە، زیاتر بۆ خواردنی خۆمان دەیكەین ئەگەر لێشمان زیاد بێت دەیفرۆشین لەبازاڕەكاندا، داواکاریشین حکومەت ڕێگە لە هاوردەکردنی برنج بگرێت.

ک.س