جوتیار پێشەوا: کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری سوتاندنی ژینگەی کوردستان و ئێرانە

ئەندامێکی کۆمیتەی ژینگەپارێزی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -کۆدار هەڵسەنگاندنی بۆ ڕەوشی ئێستای ژینگەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد و ڕایگەیاند:" کۆماری ئیسلامی خۆی هۆکاری تێکدان و سووتاندنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە".


جوتیاری پێشەوا ئەندامی کۆمیتەی ژینگەپارێزی کۆدار لە لێدوانێکیدا دا بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز، ڕەوشی ئێستای ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تاوتوێ کرد، پێشەوا باس لەوەش دەکات کە ئێران لە قۆناغێکی قەیراناویدایە.

 سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئێران جوتیار پێشەوا دەڵێت:" ئەگەر چاو لە دۆخی ئێستای ئێران بکەین دەبینین، کە ئێران لە بواری سیاسی و ئابوری ئیکۆلۆژیکدا توشی قەیرانێکی جدی بووە، لە هەمان کاتیشدا خەڵک لەوپەڕی ئاستی هەژاریدا ژیان دەکەن، نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین بۆ تەواوی چین و توێژەکانی ئێران ژیانی قورستر کردووە، مرۆڤ ناتوانێت ئەم ڕەوشەی کە ئێستا ئێرانی تێدایە ناوی ژیانی لێ بنێت، ئەو گوشارە سیاسی و ئابوریانەی کە لەلایەن وڵاتانی دەرەوەدا دەخرێتە سەر ئێران کاریگەریەکی ڕاستەخۆی لە سەر نالەباری ژیانی کۆمەڵگا کردووە، بێکاری و لەکارکەوتنی چالاکیە ئابووریەکانی کۆمەڵگا بۆ بەدەستخستنی بژێوی ژیانی کۆمەڵایەتی هۆکارێکە کە ئێرانی خستووەتە ئەم دۆخەوە". 

ناوبراو ئاماژەی بە گرنگی نەخشەڕێگاکەیان کرد و وتی :"  لە قۆناغی ئێستادا پێویست بوو کە پەژاک و کۆدار نەخشەڕێگایەک پێشکەش بکەن، ئەم نەخشە ڕێگایە بەردەوامی هەمان ئەو پرۆژانەیە کە کۆدار و پژاک لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەشی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیان کردووە، گرنگی ئەم پرۆژەیە لەوەدایە کە ئاستی قەیرانەکان بووە بە کارەسات لە ئێران، لە دۆخێکی ئاڵۆزاوی وەهادا ئەو نەخشەڕێگایە هیوایەکە بۆ چارسەری قەیرانەکان". 

"جوگرافیای ئێران دەوڵەمەندە کەچی وێران دەکرێت"

جوتیار پێشەوا لە درێژەی قسەکانیدا سەرنج ڕادەکێشێتە سەر دەوڵەمەندی جوگرافیای ئێران و دەڵێت:"  تەنها بەشێکی کەم لە جوگرافیای  ئێران وشکانیە، بەڵام بەشی ڕۆژئاوای ئێران کە دەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشی باکور و ناوەڕەستی ئێران شوێن گەلێکن کە کانگای ژێرزەوی و سەرزەوی باشی تێدایە، دەبێت بپرسین کە ئەو دەوڵەمەندیە چۆن بەکاردێن؟ ئاوەکان بەرەو کوێ دەبرێن؟ بۆ لە پارێزگایەکی وەکو لوڕستاندا کە ئەو هەموو سەرچاوە ئاوییە هەیە، کەچی خەڵک بە تەنکەر ئاوی بۆ دەچێت؟ دەمەوێت بپرسم کە دارستانەکانی زاگرۆس بۆ ڕۆژانە ئاگریان لێ دەکەوێتەوە؟ بۆ ئەو هەموو سەرچاوە ئاویانە بەنداویان بۆ دروست دەکرێت و دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەڕاستی ئێران؟ بۆ لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کە سەرمایەکی باشی جوگرافیای هەیە ڕۆژانە کۆڵبەر بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان دەکوژرێت؟  بەڕاستی ئەمانە قەیرانیان تێپەڕاندووە، بۆ ئەم قەیرانانە چارەسەری پێویستە، پرۆژەی کۆدار و پژاک تەنها چارەسەریە بۆ ئەم قەیرانە ئابوری و ژینگەییانە".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ژینگەپارێزی کۆدار بەم شێوەیە باس لە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات :" ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هۆکاری چیە؟ دەستی کێ لە پشتیانەوە هەیە؟ لێرەدا ئاشکرایە کە دەستی کێی تێدایە، حکومەتی ئێران ئەگەر دڵسۆزی وڵاتەکەیەتی بۆ ئاگر لەو دارستانانە بەردەدات؟ حکومەتی ئێران دەیەوێت بە سوتاندنی دارستانەکان ئاستەنگی بۆ تەڤگەری ئاپۆیی دروست بکات، ئێمە وەک تەڤگەری ئاپۆیی زۆر دەمێکە کە وڵاتمان داگیرکراوە، دەستدرێژی دەکرێتە سەر و بەتاڵان دەبردرێت، پێویستە حکومەت ئەو ڕاستیە بزانێت کە بەم شێوازە تێکدانی ژینگە چارەسەری بۆ ئێران و گەلانی ئێران پێشناخات".

"لە ئێستادا ژینگەپارێزەکان لە گۆشەی زینداندان"

جوتیار پێشەوا باس لە چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی ژینگەیی لە ئێران دەکات و دەڵێت:" لە ئێستادا ژینگەپارێزەکان بەداخەوە لە گۆشەی زینداندان، تەنها تاوانی ئەوان ئەوەیە کە ژینگە پارێزن و ئاگر دەکوژێننەوە ناهێڵن کە دارستانەکانمان بسووتێن، لە بەرئەوە ئێمە سورین لە سەر جێبەجێکردنی ئەو نەخشە ڕێگایەی کە پێشکەشمان کردووە، ئێمە پرۆژەمان پێشکەشی گەل کردووە، لەبەرئەوە هەموو گەلانی ناو ئێران موخاتەبی سەرەکی پرۆژەکەمانن، ئێمە لە پرۆژەکەماندا گەلانی ئێران ئەساس دەگرین نەک دەوڵەت".

دەشڵێت: پێویستە لەم قۆناغەدا چاوەڕیی ئەوە نەکەین کە کۆماری ئیسلامی هەنگاو بەرەو چارەسەریی بنێت، دەبێت ئێمە وەک گەلانی ئازادیخوازی ناو ئێران هەنگاوەکانمان بۆ چارەسەریی چڕتر بکەینەوە، پێویستە خۆمان دڵسۆزی وڵاتی خۆمان بین، خۆمان دڵسۆزی سروشتی خۆمان بین و بۆ خۆشمان سروشت و ژینگەی خۆمان بپارێزین، پێویستە ژینگەکەمان دروست بەکاربهێنین و سودی لێ وەربگرین، پێویستە هەوڵدان بکەین کە چەندە سروشت خزمەتی ئێمە دەکات ئێمەش ئەوەندە خزمەتی بکەین، بە دەستدانە دەستی یەکتر و پشگیری کردنی یەک دەتوانین دەستی داگیرکەر لە کاولکردنی سروشتی وڵاتەکەمان ببڕین.

"کۆماری ئیسلامی ئەرێنی نزیک نابێتەوە"

لە کۆتایی قسەکانیدا جوتیا پێشەوا سەبارەت بە هەنگاوەکانی کۆماری ئیسلامی دوای ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگای چارەسەری پژاک و کۆدار، ڕایگەیاند:" لە دوای ئەوەی کە نەخشەڕێگامان پێشکەش کردووە، دەبینین کە کۆماری ئیسلامی ئەرێنی نزیک نابێتەوە و دەبینین لە گەڵ ئەوەشدا کە کۆماری ئیسلامی سێ چالاکی بواری ژینگە لە مەریواندا (ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی، فاروق ئەحمەد زادە) زیندانی دەکات، لە هەمان کاتیشدا کەسی چالاکی سیاسی کە کار لەسەر مافی مرۆڤ دەکات لە ئێراندا تیرۆر دەکرێت، شەهیدکردنی کاک ئیقبال مورادی ئەوە نیشان دەدات کە کۆماری ئیسلامی ئەرێنی نزیک نابێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەم سیاسەتانەی کۆماری ئیسلامی هیچ جۆرە چارسەریەک بە دوای خۆیدا ناهێنێت، بگرە بەهۆی ئەو سیاسەتانەوە قەیرانەکان قوڵتر دەبێت".

 


ک.ک