جگەرەیەک ٤٠٠ دۆنم دەغڵودان و پاوانی سووتاند

له‌ سنووری شاره‌دێی مه‌یدان، ٤٠٠ دۆنم زه‌وی ده‌غڵودان و پوش و پاوان سووتان، بەرگریی شارستانیی-ش دەڵێت: ئاگرەکە بەهۆی فڕێدانی جگەرەیەکەوە کەوتووەتەوە.


دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌نزیك قه‌ڵای به‌هجه‌ت، له‌ سنووری شاره‌دێی مه‌یدانی سه‌ر به‌شارۆچكه‌ی خانه‌قین، ئاگرێك كه‌وته‌وه‌ ودوای زیاتر له‌ سێ كاتژمێر ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵكرا.

به‌ پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی نیعمه‌ت عه‌لی، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی به‌رگریی شارستانیی گه‌رمیان به‌ ڕۆژنیوزی داوه‌، ئاگره‌كه‌ به‌هۆی فڕێدانی جگه‌ره‌یه‌ك له‌ لایه‌ن كرێكارێك، كه‌ له‌ یه‌كێك له‌ باخه‌كانی ناوچه‌كه‌ كارده‌كات، كه‌وتووه‌ته‌وه‌، كرێكاره‌كه‌ دانی به‌وه‌داناوه‌ به‌هه‌ڵه‌ جگه‌ره‌كه‌ی فڕیداوه‌ و نه‌یزانیوه‌، دواتر چەند هه‌وڵیداوه‌ ئاگره‌كه‌ی بۆ كۆنترۆڵنه‌كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ زیانه‌كانی ئاگره‌كه‌، وته‌بێژه‌كه‌ی به‌رگری شارستانی گه‌رمیان، ئاشکرایکرد، کە ٤٠٠ دۆنم زه‌وی ده‌غڵودان و پوش سوتاون، هه‌روه‌ها ١٠٠ دۆنم زه‌وی باخ و ٧٠٠ دۆنم زه‌وی ده‌غڵودان له‌ سووتان ڕزگاركراون.

ئاگرەکە هیچ زیانێكی گیانی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه‌ و هیچ سکاڵایەکیش دژ بە کرێکارەکە تۆمار نەکرا.

ش.ف