جیهان، ساڵانە ٧ ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە گیان لەدەست دەدەن

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، ئاشکرای دەکات، لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ٩٣٠ كەس تووشی جەڵتە دەبن و ١٤ كەسیش تووشی نەخۆشیی ڕەبۆ دەبن، کە پیسبوونی ژینگە هۆکارەکەیەتی، ڕاشیگەیاند: بە هەمان هۆکار ساڵانە حەوت ملیۆن کەس لە جیهاندا گیان لەدەست دەدەن.


ئەمڕۆ، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان هەفتەی ژینگەیی ڕاگەیاند و یەکەم چالاکییش گفتوگۆیەکی کراوە بوو، بە دروشمی "لەپێناو هەسارەیەکی پاک"، کە لە هۆڵی هۆتێل شیراتۆن لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تیایدا گفتوگۆ لەسەر پیسبوونی هەوا و هۆکار و چارەسەرەکانی کرا.

لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، ڕزگار عەلی بەڕێوبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێم ئاماژەی بە دووکەڵی ئۆتۆمبێل کرد وەک هۆکارێکی پیسکردنی ژینگە و وتیشی: ئێمە وەكو هاتووچۆ هەوڵەكانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی ئۆتۆمبیلەكان نەبنە هۆكار بۆ پیسبوونی ژینگە، ئەویش لەڕێگای ئەو بنكانەی بۆ پشكنینی توندوتۆڵیی دانراون.

لەبارەی داهاتی سندوقی ژینگە، کە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتووچۆ دانراوە و دەستەی ژینگەش ڕایدەگەیەنێت، کە ئاگاداری داهاتەکەی نین، ڕزگار عەلی وتی:  ساڵانە لەو سندووقە دوو ملیارد دیناربۆ توشبوانی شێرپەنجە دەخرێتە سەرحیسابی بانكی  وەزارەتی تەندروستیی.

دواتریش، د.خاڵس قادر، وتەبێژی  وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان  قسەیکرد و ڕایگەیاند: رێژەی توشبوونی بە نەخۆشیەكانی دڵ و ڕەبۆ و جەڵتە ڕوو لە زیادبوونە و بە پێی توێژینەوەكانیش هۆكارەکانیان پیسبوونی هەوایە.

وتیشی: لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ٩٣٠ كەس تووشی جەڵتە دەبن و ١٤ كەسیش تووشی نەخۆشیی ڕەبۆ دەبن، لە جیهانیش ساڵانە شەش میلۆن كەس بەهۆی  كێشانی جگەرەوە گیان لەدەست دەدەن و حەوت ملیۆن كەسیش بەهۆی  پیسبوونی ژینگەوە گیان لەدەست دەدەن.

هەروەها، خەسرەو ساڵح لێپرسراوی بەشی هۆشیاریی  لەدەستەی پاراستن و چاكکردنی ژینگە بە ڕۆژنیوزی وت: ئێمە لەڕێگای ئەم گفتوگۆوە دەمانەوێت ئاستی هۆشیاریی ژینگەی لەنێو كۆمەڵگادا بڵاوبکەینەوە، بۆ ئەوەی پاراستنی ژینگە بێتە كلتور لەنێو كۆمەڵگادا.

بەرپرسانی تەندروستیی  و دەستەی پاراستن و چاککردنی  ژینگە و هاتووچۆ و چالاکوانی بواری ژینگە، کە ئەمڕۆ  بەشداربوون لە پانێڵکەدا  هەموویان کۆک بوون لەسەر  دروستکردنی گروپێکی تایبەت بەبڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی لەو شوێنانەی کە دەبنە مایەی پیسبوونی ژینگە و هەوا و ڕاسپاردەیەکیش ئامادەبکرێت بۆ  ئەوەی ئەو مەترسییانەی کە ئێستا لەسەر ژینگە هەیە لە هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ئاماژەیان پێبکرێت و ڕادەستی پەرلەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، بۆ ئەوەی  ئەوانیش کاری لەسەر بکەن لەداهاتوو مەترسیەکانی سەر ژینگە و  پیسبوونی هەوا زیاتر نەبێت.

ش.ف