حوسییەکان ئامادەن بۆ پێکانی ٣٠٠ ئامانج لە سعودیە و ئیمارات

بزوتنەوەی ئەنساروڵا (حوسییەکان)ی یەمەن ڕایانگەیاند، کە ٣٠٠ ئامانجی ستراتیجییان دیاری کردووە لە سعودیە و ئیمارات کە هێرشیان بکەنە سەر.


بەگوێرەی ئاژانسی "سەبا" کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسیەکانی یەمەن-دایە، بزوتنەوەی ئەنساروڵا ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ هێرش کردنە سەر ٣٠٠ ئامانج لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات، هەروەها ڕایانگەیاندووە کە پێکانی بۆرییە نەوتییەکان هێرشی یەکەم و دەستپێکی ئەو ئۆپەراسیۆنەیە و هێشتا ٢٩٩ ئامانجی دیکە ماون.

بەپێی ڕاگەیاندنە عەرەبییەکان، بەیانی ئەمڕۆ سیستمی دژە مووشەکی سعودیە دوو مووشەکی حوسییەکانی بێکاریگەر کردووە، کە بەرەو مەککە و جەدە هاوێژرابوون.

ئێران لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی تۆمەتبار کراوە بە پشتیوانیی لە ملیشیا شیعەکان لە ناوچەکە، ئێرانیش ڕەتی ناکاتەوە، هەر دوێنێ وەزیرێکی پێشووی ئێران بە ناوی محەمەد حسێنی لەسەر هەژماری تویتەری خۆی نوسیبووی:"هێرشی ڕۆژانی ڕابردوو بۆسەر بۆریە نەوتییەکانی سعودیە، وەڵامێک بوو بۆ هەوڵدانەکانی ئەمریکا بۆ بە سفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران".

لەلایەکی دیکەوە، دوێنێ سوپای یەمەن لە هێرشێکدا گوندەکانی حەمراء، هلە، حەزن، حەقف و جەبەل حەزنەن-یان لە پارێزگای حجە لە دەستی حوسییەکان دەرهێناوە، هەر لەو ڕۆژەشدا هێزی ئاسمانیی سعودیە چوار جار پێگەکانی حوسییەکانی لە ناوچەی بداح کردە ئامانج، کە لەو هێرشانەدا چەند فەرماندەیەکی حوسی کوژراون، هێزی ئاسمانی سعودیە هەروەها ناوەندی راهێنانی حوسییەکانی لە پارێزگای زالع و ناوچەکانی سەلیم و لەعلە-یان لە باکوری شاری قەعتەبە کردووەتە ئامانج کە لەو هێرشانەشدا دوو فەرماندە و ٢٥ چەکداری حوسیی کوژران.

ش.ف