"حکومەتی هەرێم کەمتەرخەمە بەرامبەر بە پاک و خاوێنیی ژینگە"

ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیستر دەبێت، دوو کارگەی ڕیسایکلینگی زبڵ لە هەرێمی کوردستان دا هەیە کە تەنها مادە پلاستیکییەکان ڕیسایکل دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە، ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ١٠ هەزار تۆن زبڵ کۆدەکرێتەوە.


پیسبوونی ژینگە لە سەرتاسەری جیهاندا بووە بە قەیران، لەگەڵ ئەوەی هەموو کەسێک ئەوە دەبینێت، بەڵام هیچ لە ئاستی پراتیکدا ئەنجام نادرێت، لە باشوری کوردستانیش بەهۆی پیسبوونی ژینەگەوە نەخۆشی جۆراوجۆر بڵاودەبێتەوە، زۆربەی ئەو زبڵانەی کۆدەکرێنە یان دەسووتێندرێن یان دەنێژرێن، دووکەڵی سووتانی ئەو زبڵانەش هەوای ناوچەکەی پیس کردووە.

سەرەڕای سووتاندنی ئەو هەموو زبڵە، بەهۆی نەبوونی کارەبای گشتی لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژانە نزیک بە حەوت هەزار موەلیدە بۆ ماوەی ١٦ کاتژمێڕ لە ڕۆژدا کاردەکەن، ئەوانەش پێکەوە دەست دەدەنە دەستی یەک بۆ ئەوەی ژینگە و هەوای باشوری کوردستان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پیستربکەن.

پێشتر حکومەتی هەێمی  کوردستان وەزارەتی ژینگەی هەبوو، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی ژینگەی هەڵوەشاندووەتەوە و دەستەیەکی ژینگەی لەجیاتی دامەزراندووە، ئەوەش دەیسەلمێنێت کە حکومەت تا  ئاستێک لەبەرامبەر ژینگەدا کەمتەرخەمە.

ملکۆ بازیانی، سکرتێری حزبی سەوزی کوردستان ڕەخنە لە حکومەت دەگرێت، کە دەست بەرداری ئەو کەمتەرخەمییە بێت و گرنگی بدات بە پاک و خاوێنیی ژینگە.

بازیانی ڕایگەیاند، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەم بەرپرسیارە بۆ پاراستنی ژینگە، دەشڵێت: حکومەتی هەرێم هیچ سیاسەتێکی بۆ پاککردنەوەی ژینگە نییە، ئەو کاتەی قەیرانی سیاسی و ئابوریش نەبوو حکومەتی هەرێم هیچ هەنگاوێکی نەنا بۆ پاکیی ژینگە، لەم قەیرانەدا چۆن هەنگاو دەنێت؟.

ئەوەشێ وت: پێویستە فشار لە حکومەت بکرێت پرۆژەی ڕیسایکلینگی زبڵەکان بخاتە گەڕ و جێبەجێی بکات.

س.ح