خانەقین، لە ١٠ ڕۆژدا زیاتر لە ١٠٠ دۆنم دەغڵودانی جوتیاران سوتێنراوە

هێرش و پەلاماری چەتەکان بۆسەر هاوڵاتیانی خانەقین بەردەوامییان هەیە، تەنها لە ١٠ ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا زیاتر لە ١٠٠ دۆنم زەوی جوتیارانی سنوورەکە سوتێنراوە، ئەوە جگە لە شەهیدکردنی چەند جوتیارێک و سوتاندنی ئامێرە کشتوکاڵییەکانیان، ئەنجومەنی گوندێکی سنورەکەش دەڵێت: تیرۆرستان دەیانەوێت گوندەكانمان پێ چۆڵ بكەن.


ماوەی چەند ڕۆژێکە، شارۆچکەی خانەقین، ڕووبەڕووی هێرشی داعش و گرووپە چەتەکان بووەتەوە، ناوە ناوە هێرش دەکرێتە سەر هاوڵاتیان و زەوی و زارەکانیان، هەڕەشەیان لێ دەکرێ و دەڕفێنرێن.

بەوتەی موقەدەم عەمار ئەمیر، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی خانەقین، تەنها لە ماوەی نزیكەی ١٠ ڕۆژی سەرەتای ئەم مانگەدا، چوار  حاڵەتی سوتاندنی زەوییە كشتوكاڵییەكان تۆمار كراوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە ١٠٠ دۆنم زەوی جوتیاران لە بەرهەمی  گەنم و جۆ زیانیان بەركەوتووە و سوتێنراون.

ئەو بەڕێوەبەرە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، لەو ماوەیەدا تیمەكانی ئاگر كوژێنەوە نزیكەی ٦٠٠ دۆنم زەوی كشتوكاڵییان لە سوتان و لەناوچوون ڕزگار كردووە.

هەریەک لە گوندەکانی "عەلیاوەی ئەخوە، موبارەك، پەڵكانە، مێخاس" لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەوتنە بەر هێرشی چەتەکان و جگە لە شەهیدکردنی دوو جوتیار لەسەر زەوییەکانیان، ڕووبەرێكی زۆری دەغڵودانی مێخاسیشیان سوتاند و بەوەشەوە نەوەستان ئاگریان لە سێ ئامێری كشتوكاڵیش بەردا.

هەرچەندە پۆلیس هێشتا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی بکەرانی ڕووداوەکەوە باس نەکردووە، بەڵام خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، ئەو کارە بەدەستی چەتەکانی داعش ئەنجامدراوە.

مقەدەم عەمار دەڵێت، ڕووداوەكان بە شەودا ڕوودەدەن، بۆیە ئێستا كە دەچنەوە شوێنی ڕووداوەكان، مەفرەزەی پۆلیس یان سوپا یان حەشدی شەعبی یاوەرییان دەکات، بەڵام زۆرجار بەهۆی درەنگ کەوتنی ئەو هێزە هاوکارانەوە درەنگ دەگەنە سەر ڕووداوەکان.

لای خۆیەوە فازڵ محەمەد، ئەنجومەنی گوندی موبارەك بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، شەوی هەینی ڕابردوو نزیكەی ١٠ دۆنم دەغڵودانی گوندەکەو باخەکەی ئەویان سوتاندووە، بەوتەی خۆی، تیرۆرستان دەیانەوێت گوندەكانیان پێ چۆڵ بكەن.

فازڵ محەمەد وتیشی، ئەم دیاردەیە پاش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر لە خانەقین سەریهەڵداوە، كوردیش لەو هێرشانەدا بەتایبەت کراوەتە ئامانج و زیانی زۆری پێگەیشتووە، هیچ کەسێکیش تا ئێستا قەرەبوو نەکراوەتەوە.

پاش ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، دیاردەی سوتاندنی بەرهەمی كشتوكاڵی جوتیاران لە خانەقین سەریهەڵداوە، لە سەر ئاستی پارێزگای دیالەش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەدان دۆنم زەوی لە بەرهەمی گەنم و جۆی جوتیاران سوتێندران.

ک.س