خواردنی ئاژەڵی زیندوو لە ڕاهێنانی پێشمەرگەدا ناڕەزایی ژنانی لێکەوتەوە

خواردنی ئاژەڵی زیندوو لەلایەن پێشمەرگەکانی یەکەی ٨٠-وە، بووەتە جێگای ڕەخنە و بە کارێکی دڕندانە ناودەبرێت و دەوترێت ئەو ڕاهێنانە ژن لەگەڵ سروشت بەشەڕ دەدات، ڕیکخراوە ژینگەییەکانیش داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەن، کە ڕایگرن.


ڕۆژی ١٣ی ئەم مانگە کۆمەڵێک وێنەی ژنانی هێزەکانی ٨٠ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەوە، کە لەکاتی ڕاهێناندا ئاژەڵی زیندوو و کاڵیان دەخۆن، هەرچەندە ئەو پێشمەرگانە وەک گوزارشتکردن لە قارەمانێتییان ئەو وێنانەیان بڵاوکردەوە، بەڵام کاردانەوەکان بەپێچەوانەوە بوون، کەوتنە بەر ڕەخنەی توندی هاوڵاتیان بەگشتیی و ژینگەپارێزان بەتایبەت.

گەلاوێژ حسێن، یەکێک لەو ژنانەیە، کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسدا کاری ڕێکخستنیی کردووە و بەشداری خەباتی شار بووە، بە نیگەرانییەوە لەو دیمەنانە دەڕوانێت و دەڵێت: ژن هەڵگری هەموو پێناسە جوانەکانی ژیانە، بۆیە لەجیاتی پەلاماردانی ئەو گیانلەبەرانە، دەبوو نمونەیەکی جوانی خەباتیان پیشانبدایە.

بە بۆچوونی گەلاوێژ، ئەو جۆرە لە ڕاهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنەکانیان، سوکایەتیی و بەکارهێنانی ژنە، نەک ئازایەتیی، خەباتی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وەک نمونەی جوانیی و قارەمانیی دەهێنێتەوە و دەڵێت: دەتوانین سود لەو ئەزموونە وەرگرین.

هەروەها، ویژدان نورەدین، مامۆستا و ئەندامی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان – ڕژاک، پێیوایە، مرۆڤ دەتوانێت وزە و توانای خۆی دەربخات، بێ ئەوەی زیان بە ژینگە و دەوروبەری بگەیەنێت.

ویژدان نورەدین، دەشڵێت:"بەکارهێنانی ئاژەڵان لەکاتی ڕاهێنان کارێکی مرۆڤدۆستانە نییە و پێویست بوو ژنان-یش خۆیان ئەوە پەسەند نەکەن، چونکە ژن هەمیشە بە دۆستی ژینگە و دۆستی ژیان ناسراوە، لەگەڵ نوێبوونەوەی سروشتدا ژن-یش نوێ دەبێتەوە".

ئەو ئەندامەی ڕژاک، بە لایەنی پەیوەندیدار دەڵێت، کە ئەگەر هەتا ئێستا ئەمە پرۆسەی ڕاهێنانیان بووە، با لەمەبەدوا ڕایبگرن، "چونکە ئەمە پڕۆسەیەکە ژن لە گەڵ سروشتدا بە شەڕ دەدات و ڕووی ڕاستەقینەی ژنان دەشێوێنێت".

زیاتر لە هەمووان، ڕێکخراوە ژینگەییەکان لە بەرامبەر ئەو جۆرە ڕاهێنانە توڕەن و بە چەندین ڕاگەیەندراو، توڕەیی و نیگەرانیی خۆیان هێنایە زمان.

تریفە عەلی، لێپرسراوی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، باس لەوە دەکات، کە مرۆڤ ئەو هێزەی هەیەتی، دەبێت بۆ پاراستنی ژینگە بەکاری بهێنێت، نەک بۆ کوشتنی ئاژەڵ، بە بیانووی ئەوەی لەکاتی سەختییدا خۆی بپارێزێت.

ئەو ژینگەپارێزە، دەشڵێت، کە دەبێت ئەوان خۆشەویستیی و نیشتیمانپەروەرییان فێر بکرێت، نەک دڕندەیی، بڵاوبوونەوەی ئەو وێنانەش بە مەترسیی بۆ کۆمەڵگا ناودەبات، چونکە بەشێوەیەکی بەرفراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە و دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی توندوتیژیی.

سەبارەت بە هەوڵی ڕێکخراوە ژینگەییەکانیش بۆ ڕاگرتنی ئەو جۆرە ڕاهێنانە، تریفە عەلی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ڕێکخراوەکەیان بە هاوبەشیی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی دیکە یاداشتیان پێشکەش بەو هێزانە کردووە و ئەو یاداشتەش دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بەردەوامیی بەو شێوە ڕاهێنانە نەدەن.

ش.ف