خورماتوو، به‌هۆی لافاوه‌وه‌ پردێک ڕووخا 

له ‌شارۆچکه‌ی خورماتوو به‌هۆی لافاوه‌وه‌ پردێک له‌سه‌ر ڕێگای سه‌ره‌کی نێوان به‌غدا - که‌رکوک ڕووخا. 


به‌هۆی ئه‌و بارانه‌ زۆره‌ی ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێکه‌ ده‌باریت، ئه‌مڕۆ، له ‌شارۆچکه‌ی خورماتووی سه‌ر به ‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین، پردێک ڕووخا و ئاسته‌نگی بۆ هاتوچۆکردنی هاوڵاتیان و شۆفێران دروست کرد.

زه‌نون به‌رزنجی، رێپێدراو لە به‌ڕێوبه‌رێتی پۆلیسی هاتوچۆی خورماتوو، به‌ ڕۆژنیوزی وت: به‌هۆی هاتنی لافاوه‌وه‌، پردی سه‌ره‌تایی هاتنه‌ ژوره‌وه‌ی شارۆچکه‌ی خورماتوو، به‌شێکی به‌ ته‌واوی ڕووخاوە و هاتوچۆکردنی هاوڵاتیان و شۆفێرانی تێدا ڕاگیرا و له‌ ئێستادا هاوڵاتیان له‌و به‌شه‌ی دیکه‌ی هاتوچۆ ده‌که‌ن، ئه‌ویش به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی، مه‌ترسی ڕووخانی له‌سه‌ره‌.

وتیشی: ئه‌م پرده‌ هاتوچۆیه‌کی زۆری له‌سه‌ره‌، هه‌ردوو پارێزگای به‌غدا و که‌رکوک و ئیداره‌ی گه‌رمیان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێت و هه‌روه‌ها  ئۆتۆمبێلێکی زۆری بارهه‌ڵگری هێڵی هه‌ولێرـ به‌غدا و هه‌ولێر ـ  گه‌رمیانی له‌سه‌ره‌.

باسی له‌وه‌شکرد: ئه‌م پرده‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا جارێکی تر زیانی پێگه‌یشت ئه‌و کات خاوه‌ن کارگه‌ی چه‌و و لمه‌کان چاکیان کرده‌وه‌، به‌ڵام چاککردنه‌که‌ی یه‌کجاری نه‌بوو. 

درێژی ئه‌و پرده‌ ٧٠٠ مه‌تره‌ و ده‌که‌وێته‌ سه‌ره‌تای چونه‌ ژووره‌وه‌ی شارۆچکه‌ی خورماتوو، به‌ پرده‌که‌ی چه‌می ئاوه‌ سپی ناسراوه‌.

 

ک.ک