خورماڵ بووە بە ناوەندی ساغكردنەوەی گژوگیا بەهارییەكانی هەورامان

بەهۆی فراوانی سنووری ناوچەی هەورامانەوە ساڵانە گژوگیایەكی بەهاری زۆری لێ بەرهەم دێ، بازاڕی شارەدێی خورماڵ'یش بووە بە ناوەندی ساغكردنەوەی ئەو بەرهەمانە و هاڵاتیان لە شوێنە جیاوازەکانەوە سەردانیی ئەو بازاڕە دەکەن.


گژوگیا بەهارییەكان وێڕای ئەوەی سوودی خۆیان هەیە بۆ تەندروستی مرۆڤ، هەریەکەشیان تاموچێژی تایبەتی خۆیان هەیە.

زۆرینەی گیا و بەرهەمە بەهارییەکان، تەنها لە کاتی پێگەیشتنیان دەخورێن، تەنها چەند شتێکی کەمیان نەبێت کە بەشێوازیی خۆیان هەڵدەگیرێن بۆ وەرزەکانیتر.

جۆرەکانی گژوگیای بەهاریی زۆرن، لەوانە 'خوژە، گیا دۆخەوا، پیچك، ڕسقە، بەڕەزا، ڕێواس، بسیڵ، كنگیر، قەزوان'، ئەمانەش لە کاتی پێگەشتندا دەبنە سەرچاوەی بژێوی چەندین خێزان.

پشتیوان مستەفا فرۆشیاری گژوگیا بەهارییەكانە لە بازاڕی خورماڵدا، دەڵێت ڕۆژانە هاوڵاتیان گژوگیاکان کۆدەکەنەوە و دەیبەن بازاڕ و ئەویش لێیان دەکڕێتەوە و دواتر بە کیلۆ دەیانفرۆشێت، وەک خۆشی باسی دەکات زۆرینەی کڕیارەکانیان لە سلێمانی و هەڵەبجەوەن.

پشتیوان باس لەوەش دەکات، کە ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆناوە گژوگیا وەک پێویست نەخراوەتە بازاڕەوە.

عەباس ئەحمەد لە هەڵەبجەوە هاتبووە شارەدێی خورماڵ بۆ کڕێنی گیا بەهارییەكان و وتی: هەمیشە حەزدەكەم ئەم گیا بەهارییانە لەسەر سفرە دابنێم، چەندین جار هاتومەتە خورماڵ و هەورامان بۆ بەدەستخستنیان، چێژیان لێوەردەگرم بەخواردنیان، هەروەها ئەم گژو گیایانە بەشێكن لەو داوودەرمانانەی دكتۆر و حەكیمەكان بەكاریان هێناون بۆ دەرمانكردنی ئەو دەردانەی دەرمانیان نەبوە لەڕابردودا.

س.ح