خوێندکارانی مەخمور داوادەکەن هەمووان ژینگە بپارێزن

خوێندکارانی کامپی مەخمور بۆ زیندووهێشتنەوەی سروشت، دەیان نەمامیان چاند و ئاماژەیان بەوە کرد، کە سروشت بە دار و سەوزایییەوە جوانە، هەروەها بانگیان لە هەمووان کرد کە ژینگە بپارێزن بۆ پاراستنی کار بکەن.


خوێندکارانی خوێندنگای ئامادەیی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخموور، دیان نەمامیان چاند، لەسەر هۆکار و ئامانجی چاندنی نەمامەکان ماموستا و خوێندکاران بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

دەلیل تۆک ماموستای وانەی ژینگە باسی چاندنی نەمامەکانی کرد و، وتی: لە وانەی ژینگەدا بۆ خوێندکاران لەسەر سروشت، چاندنی دار و پاراستنیان قسە دەکەین، هەروەها ئەوەی کە لە باوەڕییەکان ژینگە چون دەبینرێت، لە باوەڕی زەردەشتییەکان کاتێک کەسێک لە دایک دەبوو، نەمامێکیان بۆ دەچاند، بۆیە خوێندکاران پێشنیاریان کرد کە هەرکەسێک نەمامێک بجێنێت.

تۆک هەروەها بانگی لە هەمووان کرد کە سروشت بپارێزن و، وتی: هەرچەند هەوڵدانەکان بچووکیش بن بەڵام گرنگن، هەرچەند ئێمە لە کامپێکی بچووک دەژین و دۆخی ژینگەیی کامپەکەش دژوارە، بەڵام کاریگەرییەکی باشی هەیە.

عایشە ئونڤەر کە خوێندکارە دەڵێت: وەک لە وانەکان خوێندوومانە، ژینگە زیانێکی زۆری پێگەیشتووە و دارستانەکان بە هۆکاری جیاواز بەرەو لەناوچوون دەچن، بۆ ئەوەی پێش لەو زیانانە بگرین پێویستە لە بەرامبەر سروشت و دارستان وردبینتربین.

ئونڤەر بانگی خاوەنداری و پاراستنی ژینگەی لە هەمووان کرد و وتی: پێویستە هەموو جۆرە دارێک بچێندرێت و بپارێزرێت.

هەروەها نورجان کارا کە ئەویش خوێندکارە، وتی: ئامانجمان ئەوەیە کە ڕێگە لە لەناوچوونی دارستان و سروشت بگرین، چونکە هەبوونی دارستان و سروشت بۆ هەموو زیندەوەران بەتایبەت مرۆڤ پێویستە، بۆیە پێویستە لە هەموو شوێنێک دار بچێنین و بیپارێزین، ئێمەش وەک خوێندکارانی کامپەکە ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ ژیانێکی تەندروست دەیکەین.

نورجان-یش بانگی لە هەموو ژینگە پارێزان کرد و، وتی: ئەوانەی خوازیاری ژیانێکی تەندروست و پاکن، پێویستە پێش هەموو شتێک خاوەنداری لە چاندن و پاراستنی دارستانەکان بکەن.

س.ح