خوێندکارانی کشتوکاڵ گوڵ و نەمامەکانیان نمایش دەکەن

خوێندکارانی بەشی کشتوکاڵی کۆلێژی زانستە پراکتیکەکانی زانکۆی هەڵەبجە، ئەو گوڵ و نەمامانەیان نمایشکرد، کە خۆیان ڕوواندوویانە و پەروەدەیان کردووە.


ئەمڕۆ خوێندکارانی بەشی کشتوکاڵی کۆلێژی زانستە پراکتیکەکانی زانکۆی هەڵەبجە بە هاوکاریی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، لە باخی گشتیی شارەکە پێشانگایەکی گوڵ و نەمامیان کردەوە و بڕیارە دوو ڕۆژ بەردەوام بێت.

لە پێشانگاکەدا سێ هەزار گوڵ و نەمام نمایش کرابوون، کە لە ١٠٠ جۆر پێکهاتبوون، تەواوی گوڵ و نەمامەکانیش لەلایەن خوێندکارانەوە ڕووێنداربوون و پەروەردە کرابوون.

ئەوەی زیاتر هانی کڕیاران دەدات، کەمی نرخی گوڵ و نەمامەکانە، کە بە بەراورد بە نرخی شەتڵگەکان ٤٠٪ بۆ ٨٠٪ داشکانیان بۆ کراوە، وەک ئەو خوێندکارانە باسی دەکەن"ئامانجیانە بە کەمترین نرخ ماڵەکانی هەڵەبجە سەوز بکەن".

داودی، ئەمارەتوز، گوڵەباخ، نازناز،دالیا، مێخەک، ساردۆنیا، لە نمونەی گوڵە نمایشکراوەکانن و لەگەڵ کەشوهەوای هەڵەبجەدا دەگونجێن.

ش.ف