دابەشنەکردنی نەوت دارستانەکان قڕ دەکات

هاوڵاتیانی گوندەکانی چۆمان دەستیان بە بڕینەوەی دارەکان کردووە بۆ خۆ گەرمکردنەوە و تەنانەت داری تەڕی گۆڕستانەکانیش دەبڕنەوە، هاوڵاتییەک دەڵێت بەهۆی نەبوونی نەوت و لە ناچارییدا ئەو کارە دەکەن و بەرپرسێک-یش دەڵێت:هێشتا نۆبەتی ئەم ناوچەیە نەهاتووە بۆ وەرگرتنی نەوت.


لە سنووری شارەدێی سمیلانی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر، تا ئێستا بەشە نەوتی ساڵانەی ماڵان دابەش نەکراوە و هاوڵاتیانی شارەدێکە و گوندەکانی دەوروبەر دار دەبڕنەوە بۆ خۆ گەرمکردنەوە.

چۆمان ناوچەیەکی شاخاویی و بەفراوییە و یەکێکە لە ناوچە هەرە ساردەکانی هەرێمی کوردستان، لەو ناوچەیە زووتر وەرزی سەرما دێت و درەنگ تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەر لە سەرەتای وەرزی پایزەوە نەوت بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێت.

ئەوەی لەو ناوچەیە زیاتر لە هەر شتێک نیگەرانیی دروست دەکات قڕکردنی دارستانەکان و بڕینی داری تەڕە، کە لق و گەڵا سەوزەکانی پێوەیە، وەک حەمید روستی دانیشتووی گوندی ڕوستی باسیکرد، ئێستا هاوڵاتیان تەنانەت داری گۆڕستانەکانیش دەبڕنەوە، کە شوێنێکی پیرۆزە و لە ڕابردوودا کەس دەستی بۆ نەبردووە.

حەمید، دەڵێت:"هاوڵاتیان لە ناچارییدا پەنا بۆ بڕینەوەی دار دەبەن، سەرمایەکی زۆر هەیە و نەوتیش نییە تا بۆ خۆ گەرمکردنەوە بەکاری بهێنین.

لە دەڤەری چۆمان لەجیاتی سێ مانگ هاوڵاتیان شەش مانگ گەرمکەرەوە بەکاردەهێنن و پێویستیان بە سۆبا هەیە، بۆیە هاوڵاتیانی سنوورەکە دەڵێن، لەجیاتی بەرمیلێک نەوت لە ساڵێکدا پێویستان بە چوار بەرمیل نەوت دەبێت، بۆیە دابەشکردنی یەک بەرمیل نەوت تەنیا بڕینەوەی دارەکان کەم دەکاتەوە، نەک دەستبەرداربوون لە بڕینەوەی دار.

لە بەرامبەردا، فەیسەل ئاڵانی، بەڕێوبەری شارەدێی‌ سمێلان بە ڕۆژنیوزی وت: پارە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە بۆ پێدانی نەوت و لای بریکارەکانە، بەڵام تا ئێستا نەوت نەگەشتووەتە سنوورەکە نۆبەمان بەرنەکەوتووە، هەوڵ دەدەین بە زوترین كات وەریگرین و دابەشی بکەین.

هاوشێوەی هاوڵاتیان، ئەو بەرپرسەش لەگەڵ ئەوەدایە، کە دەبێت بەشە نەوتی چۆمان زیاتربوایە لە ناوچەکانی دیکە، بەڵام وەک ئەو باسی کرد، چەندجارێك داواکارییان بۆ ئەو مەبەستە ئاڕاستەی سەروو خۆیان کردووە و بێ ئەنجام بووە.

سەبارەت بە بڕینەوەی دار، کە بووە بە دیاردەیەکی زەق لە سنوورەکە، فەیسەڵ ئالانی، وتی: ئێمە ئەو دیاردەیەمان قەدەغەكردووەو وە ڕێگرییمان لێكردووە، بەڵام ئەوەش نازانین كە خەڵكانێك بە نهێنیی دەستیان بۆ ژینگەی ناوچەكە درێژكردبێت.

فەیسەڵ، وتیشی: پێشتر پێشمەرگەی ژینگە لە ناوچەكە هەبوو، كە ڕێگرییان دەكرد لە بڕینی دار و ڕاِوكردن، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە، چوونە بەرەكانی جەنگ و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە، بۆیە ئێمە ناچارین بە پۆلیس و ئاسایش ئەو بۆشاییە پڕبكەینەوە.

ش.ف