دارخورماکانی خانەقین لە ڕەگەوە هەڵدەکەندرێن

هاوڵاتییەکی شارۆچکەی خانەقین زیاتر لە ١٠٠ دارخورمای لە ڕەگەوە هەڵکەندووە، بە مەبەستی ئەوەی لە شوێنەکیدا خانوو دروست بکات، پۆلیسیش دەستگیری کرد.


دوێنێ لە گەڕەکی ئیمام عەباس-ی شارۆچکەی خانەقینی سەر بە پارێزگای دیالە، ١٠٠ دار خورما لە ڕەگەوە هەڵکەندرا، بەمەش زیانێکی زۆر بە دارستان و ژینگەی خانەقین گەیشت.

بەگوێرەی لێدوانی دیار شەوکەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی خانه‌قین بۆ ڕۆژنیوز، هاوڵاتییەک ئەو کارەی ئەنجامداوە و ویستوویەتی لە شوێنەکەیدا خانوو دروست بکا، لەکاتێکدا ئەو زەوییە موڵکی گشتییە.

به‌ڕۆژنیوزی وت: له‌سه‌ر بڕینی ئه‌و داره‌ خورمایانه‌ی نێو شارۆچكه‌كه‌، كه‌سێك ده‌ستگیركراوه‌ و دانی به‌وه‌داناوه‌ ویستویه‌تی شوێنی ئه‌و دارانه‌ی هه‌ڵیكه‌ندووه‌ داگیری بكات و تێدا خانویه‌ك دروست بكات، بڕینه‌وه‌ی داره‌كان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌كرده‌وه‌ی تیرۆریستی و كاری تره‌وه‌ نیه‌، هاوڵاتییەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراوە.

بڕینەوەی ئەو دارخورمایانە، ناڕەزایی هاوڵاتیانی خانەقینی بەدوای خۆیدا هێناوە و داوادەکەن، کە لایەنە پەیوەندیدارەکان سزای ئەو کەسانە بدەن، کە زیان بە ژینگە دەگەیەنن.

سه‌لام عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاری هه‌ره‌وه‌زیی خانه‌قین، دەڵێت: بڕینەوەی دار بۆ هەر مەبەستێک و لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت کاریهکی خراپە و پێویستە ڕێگریی لیبکرێت.

هەروەها، ئیبڕاهیم زەریف، ژینگە پارێز، بەڕۆژنیوزی وت: بڕینەوەی ئەو دارانە زیانێکی گەورەی بە ژینگەی خانەقین گەیاندووە و تاوانە دەرهەق بەژینگەی ناوچەکە کراوە، بۆیە پێویستە بکەری ئەم کردەوەیە سزایەکی زۆر توند بدرێت.

ش.ف