دانیشتوانی گوندێكی چۆمان هەڵمەتێكی پاككردنەوەی گوندەكەیان ئەنجامدا

بەمەبەستی خاوێنكردنەوەی گوندەكەیان لە زبڵ و پاشماوە پلاستیكییەكان، توێژە جیاجیاكانی گوندی دەربەندی سەر بە شارۆچكەی چۆمان لە سنوری پارێزگای هەولێر هەڵمەتێكی پاككردنەوەیان ئەنجامدا و دەڵێن ئەمە دەكەنە نەریتێك بۆ نەوەكانی داهاتویان.


دوای ئەوەی گوندی دەربەند بەهۆی لافاوەكانی زستانی ڕابردووەوە ڕووبارەكانی پیس ببوون و كۆڵانەكانی سیمایەكی ناشیرینیان هەبوو بەهۆی زبڵ و خاشاكەوە، ئەمڕۆ دانیشتوان و ژینگە دۆستانی سنورەكە هەستان بە پاككردنەوەی گوندەكەیان و داواكارن خەڵك و گەشتیارانیش پاك و خاوێنی بپارێزن.

شێرزاد خالید یەكێك لە بەشداربووان بۆ رۆژنیوز وتی: لافاو سیمای گوندەكەی شێواندبوو و زبڵ و پاشماوەی پلاستیكی زۆری هێنابووە گوندەكەمان بۆیە لەگەڵ توێژە جیاجیاكانی گوندەكەمان هەستاین بە پاككردنەوەی ڕووبارو كۆڵان و گەڕە‌كەكانی گوندەكەمان لە زبڵ و پاشماوە پلاستیكیەكان.

شێرزاد داواكارە هاوڵاتیان لە هەموو شوێنەكان هەستن بە پاراستنی ژینگە و شوێنەكانیان لە پلاستیك و پاشماوەكان پاكبكەنەوە بەتایبەت ڕووبارو سەرچاوە ئاوییەكان، وە گەشتیارانیش كە ڕوو لە ناوچە گەشتییارییەكان دەكەن سروشتی ئەو شوێنانە بپارێزن و ژینگە بە خاوێنی بەجێ بهێڵن.

ئەم هەڵمەتەی گوندی دەربەند، لە دوای پاككردنەوەی گوندی ناوپردان دێـت كە خەڵكی ناوچەكە ئەو گوندەیان پاككردەوە و بڕیاریشیانداوە ئەمە بكەنە نەریتێكی ساڵانە بۆ پاككردنەوەی هەموو شوێنەكانی باڵەكایەتی.

 

د.ح