سەرۆکى ڕێکخراوی بەدیل ڕایدەگەیەنێت، تێزاب و پاشەڕۆی خراپ دەکرێتە ناو خاک و ئاوەوە، دارستان وشک دەکرێت و ژینگەی بازیان وێران دەکرێت و ئاوی تانجەرۆ ژەهراوی دەکرێت، چالاکوانێکی ژینگەش دەڵێت: ژینگەی سلێمانی لەبەردەم گەورەترین هەڕەشەی پیسبووندایە، هاوکات داوا دەکەن میدیا و ڕێکخراوە ژینگەییەکان هەماهەنگیی بکەن بۆ پاراستنی ژینگە.
ئەمڕۆ لەبارەى هەڕەشەکانی سەر ژینگەی کوردستان و ڕۆڵی میدیا لە پاراستنی ژینگەدا هەریەک لە ڕێکخراوی بەدیل و سەنتەری میترۆ، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسییان ئەنجامدا و پاشان خەڵاتی ڕیزلێنانیان بەخشییە خالید سلێمان، ڕۆژنامەنووس لەپای خزمەتکردنی بە ژینگە.
سەرەتا ئارام سەعید، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدیل ئاماژەى بەوەکرد: بێویژدانییەکی گەورە هەیە لە ئاست ژینگەی کوردستاندا، بێ ڕەحمانە تێزاب و زەڕنیخ و چەندین پاشەڕۆی خراپ دەکرێتە ناو خاک و ئاوەوە، دارستان وشک دەکرێت و ژینگەی بازیان وێران دەکرێت و ئاوی تانجەڕۆ ژەهراوی دەکرێت.
ئارام سەعید ئەوەشى خستەڕوو: گرنگە لە ئاستی ناوخۆی خۆماندا ڕێگا بگرین لەو شتانەی، کە ناپەرپرسیارێتییە بەرامبەر ژینگە، پێویستە حکومەت ڕێوشوێنی توند بگرێتەبەر بەرامبەر دەستدرێژییەکانی سەر ژینگە، کە بەداخەوە سستییەکی زۆر بەدی دەکرێت.
سەرۆکی ڕێکخراوی بەدیل باسی لەوەشکرد: دەبێت هاوپەیمانییەکی گەورە لەنێوان میدیاکان و ژینگە و ژینگەپارێزان ڕابگەیەنین بۆ ئەوەی بەربگرین لە پێشێلکارییەکانی سەر ژینگە.
هەر لەو کۆنگردا تریفە محەمەد، ئەندامی ڕێکخراوی بەدیل ڕایگەیاند: ژینگەی سلێمانی لەبەردەم گەورەترین هەڕەشەی پیسبووندایە، چونکە ڕۆژانە هەزار و ٢٠٠ تۆن پاشماوەی هەیە، کە تا ئێستا نەتوانراوە ڕیسایکلین بکرێت، لەگەڵ پاشماوەیەکی زۆری نەخۆشخانەکان و دەرمانی ماوە بەسەرچوو.
تریفە محەمەد ئاماژەى بەوەشکرد: نەبوونی سیستمی چارەسەری ئاوەڕۆ و تێکەڵبوونی هەموو ئەو پێکاتە کیمیاوییانەی لە نەخۆشخانەکان و ناوەندە زانستییەکاندا هەیە، کەمی ڕێژەی سەوزایی و ڕۆژانە بڕینەوەی دەیان نەمام بەهۆی پرۆژەکانی وەبەرهێنانەوە، بوونی نزیکەی ٧٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل و بەکارهێنانی بەنزینێکی کوالێتی خراپ هۆکارى پیسبوونى ژینگەن.
لە کۆتاییى مەڕاسیمەکەدا خەڵاتی ڕێزلێنانیان بەخشرایە خالید سلێمان، ڕۆژنامەنووس، لە پای خزمەتکردنی بە پرسی ژینگە، کە یەکێک بووە لە براوەکانی خەڵاتی سەمیر قەسیر بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەریی لە بواری ژینگەدا.
ئ.م