دهۆک، سێ رۆژه بەهۆی بۆردومانەوە ئاگرێک کەوتوەتەوە و تائێستا نەکوژێنراوەتەوە

سێ ڕۆژه بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکەوە، ئاگر لە ڕەزو باخی هاوڵاتتیان لە سنوری شارۆچکەی ئامێدی کەوتۆتەوە و تائێستا نەکوژێنراوەتەوە، دانیشتوانی سنورەکەش داوای بەهاناوەچوون دەکەن.


ماوەی چەند ڕۆژێکە فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورک بە چڕی بۆردومانی ناوچەکانی سنوری شارۆچکەی ئامێدی سنوری پارێزگای دهۆک، دەکەن و بەهۆیەوە زیانێکی زۆر بەر ڕەزو باخی هاوڵاتیان کەوتووە و تائێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە.

بەوتەی شایەتحاڵان هەرچەندە خەڵک و تیمەکانی بەرگری شارستانی ناوچەکە لە هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگەرەکەن، بەڵام تا ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و بەو هۆیەشەوە مەترسی لەسەر پێنج گوند دروستبووە.

دانیشتوانی سنورەکەش دەڵێن: لە ئێستادا وەرزی چنینی بەرهەمەکانی سماق و کەزان و مازووه، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەوە بەشێکی زۆری بەرهەمەکان سوتاون و ناتوانن بەرهەمەکان بچنن و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.

ک.س