دووکەڵی بیرە نەوتییەکان ژیان و ژینگەی گەرمیانییەکانی خستووەتە مەترسییەوە

دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری بیرە نەوتەکانی حەسیرە لە سنووری گەرمیان، نیگەرانن لە چڕبوونەوەی دووکەڵی بیرە نەوتەکان و هۆشداری ده‌ده‌ن له‌ دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستییان.


بیرە نەوتەکانی گوندی حەسیرە-ی، سەر بە شارەدێی سەرقەڵای سەر بە شارۆچکەی کفری، لە ساڵی ۲۰۱۱ - وه‌ له‌لایه‌ن کۆمپانیای گاز پڕۆمی ڕووسی-یه‌وه‌ دروستکراون و کاریی تێدا ده‌کرێت، و ڕۆژانە ۲٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن.

دووکه‌ڵی ئه‌م بیره‌ نه‌وتانه‌ دانیشتوانی گوندەکانی 'سەعداوە، کارێزەی حەمە کەیفە، کەواچەرموو'ی بێزار کردووە، چونکه‌ بووه‌ته‌ هۆی دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ته‌ندروستییان، وه‌ک ئه‌نجومه‌نی گو‌ندی کارێزه‌ی حه‌مه‌که‌یفه ئاماژه‌ی پێکرد، به‌هۆی ئه‌و دووکه‌ڵه‌وه‌ سێ که‌س تووشی هه‌وکردنی سییه‌کان بوون.

عەلی عوسمان، هاوڵاتییەکی دانیشتوویی گوندی سەعداوە-یە، سه‌باره‌ت به‌ دووکه‌ڵی ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ بە ڕۆژنیوزی وت: ماوەی زیاتر لە مانگێکە، دووکەڵی بیرە نەوتەکانی گوندی حەسیرە بەشێوەیەکی زۆر بەرزبووەتە و چڕبووەتەوە بۆ سەرگوندەکانمان، بەشێوەیەک بە ئاشکرا ئاسمانی ناوچەکەی تەنیوە، تەنانەت ئەو بەروبوومە کشتوکاڵییانەی لەناوچەکەماندا هەیە، هەمووی دووکەڵی لەسەرنیشتووە، ئەمەش بۆ خۆی مەترسییه.

وتیشی: لە ئێستادا بیرە نەوتی گوندی  کەوا چەرموو لە قۆناغی جێبەجێکردندایە،  ئەگەر بە هەمان سیستمی نەوتی حەسیرە جێبه‌جێبکرێت، ئیتر دەبیت خەڵکی ناوچەکە بیر لە جێهێشتنی ناوچەکەیان بکەنەوە.

مەحمود ساڵح، هاوڵاتییەکی گوندی کەوا چەرمووە و وتی: بەهۆی نزیکیی بیرە نەوتەکانی گوندی حەسیرە، لەگوندەکەمان بە ئاشکرا دووکەڵەکەی لەسەر کەلوپەل و شتومەک و هەندێک جار مەڕ و ماڵاتەکانمان دەردەکەوێت، ئەمەش بۆ خۆی مەترسییەکی گەورەیە، بەداخەوە کەس بیر لەوە ناکاتەوە ڕێگیری بکات لەم کارە ترسناکە.

بەوتەی دانیشتوانی گوندەکە، چەندین جار پزیشک و پسپۆرانی بواری ژینگە ئاگاداریان کردوونەتەوە، کە ڕێگریی لەو دووکەڵە نەکرێت و چارەسەری بۆ نەدۆزرێتەووە، دوورنییە لە داهاتوویەکی نزیکدا جۆرەها نەخۆشی ترسناکی لێ بکەوێتەوە بۆنمونە نەخۆشی شێرپه‌نجه‌ی سییەکان.

هەروەها عوبێد ئەحمەد، ئەنجومەنی گوندی کارێزەی حەمە کەیفـ ه‌، ئاماژەی بە نەخۆشکەوتنی هاوڵاتیانی دانیشتووی نێو گوندەکەیان کرد بە هۆی دووکەڵی بیرە نەوتەکانەوە و بە ڕۆژنیوزی وت: لە گوندەکەمان سێ کەس تووشی نەخۆشی هەوکردنی سییەکان بوون، یەکێکیان چارەسەری بۆ کراوە، بەڵام وەک پێویست نییە و دانەیەکیان ئێستا لە وڵاتی ئێران لە نەخۆشخانەیە و یەکێکی دیکەیان لە نەخۆشخانەی سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشکیدایە.

میقداد حەسەن، جوگرافیناس پێی وابوو، بەهۆی ئەو مەترسیانەوەی ئستا دووکەڵەکە دروستیکردووە، مەترسیی هەیە لە داهاتوودا‌ كاریگەریی بكاتە سەر ژینگەی ناوچەكە و وتیشی: ئه‌و دووکه‌ڵه‌ كار دەكاتە سەر دارو دەوەن و ڕووەك و كشتوكاڵ، بەزۆریش لەڕووی كرداری ڕۆشنە پێكهاتنەوە كارەساتەكە دەخوڵقێنێ و لاوازیان دەكات، جگە لەوەش كاردەكاتە سەر كۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ و گیانەوەر، لەئاكامدا دووچاری جۆرەها نەخۆشی دەكات.

دەربارەی  چارەسەر و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی دووکەڵ و غازی ئه‌و بیرە نەوتانه‌ بۆ ئەوەی زیان بە ناوچەکە نەگەیەنێت، میقداد وتی: پێویسته‌ ئه‌و غازەی ده‌ریده‌دات  لە پیشەسازی دروستكردنی غازی ماڵاندا بەكار بهێنرێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌ وڵاته‌ پێشکه‌وتووه‌کان ده‌بینرێت، هه‌روه‌ها بۆ به‌ده‌ستهێنانی وزه‌یی کاره‌با به‌کاربهێنرێت، له‌ جیاتی 'گازوایل''، لە ئاكامیشدا نە دووكەڵ وەك ئێستادا دەمێنێت و نە ئاگرەكەش، دواجاریش لە ڕووی پیشەسازیشەوە سوودێكی زۆری هەیە.

لەسەر مەترسی دووکەڵەکە و داخوازی هاوڵاتیان، ڕامیار عه‌بدولره‌حمان، به‌ڕێوبه‌ری شاره‌دێی سه‌رقه‌ڵای سه‌ر به‌شارۆچکه‌یی کفری، بە ڕۆژنیوزی وت:"له‌ماوه‌یی دوو مانگدا زیاتر له‌سێ جار کۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ کۆمپانیایی گاز پڕۆمدا کردووه‌، و پێم وتوون، پێویسته‌ چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌و دووکه‌ڵه‌ بدۆزنه‌وه‌، چونکه‌ دووکه‌ڵه‌که‌ زیادی کردووه‌ و خه‌ڵکی بێزار کردووه‌ و دانیشتوانی گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری بیره‌ نه‌وته‌کانیش گله‌یی ده‌که‌ن، ئەوانیش‌ به‌ڵێنیان داوه‌ به‌زووترین کات کێشه‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه".

ڕۆژنیوز، بۆ زانینی هەنگاوەکانی کۆمپانیای گاز پرۆم، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دووکەڵەی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکانی بێزار کردووە، پەیوەندی کرد بە بەرپرسانی کۆمپانیاکەوە، بەڵام هیچ به‌رپرسێکی کۆمپانیای گاز پڕۆم، ئاماده‌ نه‌بوون‌ سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ قسه‌ بکه‌ن.  ‌

س.ح