دوو كه‌س به‌ تۆمه‌تی ئاگركه‌وتنه‌وەکە‌ی كه‌لار ده‌ستگیركران

به‌هۆی ‌كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگرێك له‌ سنوری شارۆچكه‌ی كه‌لار، یاریده‌ده‌رێتی ئاسایشی كه‌لار ده‌ستگیركردنی دوو كه‌سی ڕا‌گه‌یاند كه‌ تۆمەتبارن بە كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه.


دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ گوندی قاسم ئاغای سه‌ر به‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ئاگرێك كه‌وته‌وه‌ و دوای ماوەیەک بنكه‌كانی به‌رگری شارستانی  كه‌لار و پێباز و ڕزگاری و شه‌هیدان  به‌هاوكاری خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ توانیان كۆنترۆڵی بكه‌ن.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی، كه‌ ئیبراهیم محه‌مه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی به‌رگری شارستانی كه‌لار، به‌ ڕۆژنیوزی داوه‌،  به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ زیاتر له‌ ٢٠٠٠ دۆنم زه‌وی له‌ پووش و پاوانی جوتیاران و نزیكه‌ی ٧٠ عاره‌بانه‌ی تراكتۆر كا و ته‌ن و نیوێک گه‌نم، كه‌ هێشتا دروێنه‌ نه‌كراوه‌ سوتا، ئاگره‌كه‌ به‌هۆی خێرایی باكه‌وه‌، تا نزیك گوندی حه‌سه‌ن مه‌حه‌ و پشت زانكۆی گه‌رمیان ڕۆیشت‌ و سه‌دان دۆنم زه‌وی گه‌نمی دروێنه‌ نه‌كراویش له‌ سووتان ڕزگار كرا.

لای خوییه‌وه‌، سه‌ردار مه‌حمود، به‌ڕێوه‌به‌ری یاریده‌ده‌رێتی ئاسایشی كه‌لار، بۆ ڕۆژنیوز وتی: دوو كه‌س ده‌ستگیركراون تۆمه‌تبارن به‌ هۆكاری سوتانی ئه‌و ده‌غڵودانه‌ی جوتیاران، له‌ وته‌كانیاندا دانیان به‌وه‌ ناوه‌، تراكتۆرییان پێیه‌ و بۆ كووتانی كا هاتوون، له‌ تراكتۆره‌كه‌، شۆرتێك دروست بووه‌ و ئاگری لێكه‌وته‌وه‌وه‌ و دواتر ئاگره‌كه‌، كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ناو ده‌غڵودانه‌كه‌ به‌ ئاسانی بۆیان كۆنترۆڵ نه‌كراوه‌ و ئه‌و ئاگره‌ی لێكه‌وتوه‌ته‌وه‌.

به‌رپرسه‌كه‌ی ئاسایشی كه‌لار، وتیشی: داوا لەو هاوڵاتیانە دەکەین کە زەرەرمەندی یەکەمن لەسووتانی دەغڵودانیان سەردانی یاریدەرێتی ئاسایشی کەلار بکەن بەمەبەستی سکاڵای یاسای چونکە دادوەر( تۆمەتبار) بەبێ سکاڵای یاسای ڕاناگرێت.

ک.س